سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی فیلیپین كرد

 

دوای ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا, ئەمڕۆ د.ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازی لە جولیس تۆریس باڵیۆزی فلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری كرد، لە دیدارێكدا داوای كرد فلیپین كۆنسوڵگەی خۆی لە هەولێر بكاتەوە.

لای خۆیەوە جولیس تۆریس باڵیۆزی فلیپین لە عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆك و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونیان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و خۆشحاڵیی خۆی بەبوونی ئافرەت لەو پۆستە سیادییانە لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و راشیگەیاند “بە خۆشحاڵیەوە یەكەم جارە سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكەم و دەمانەوێت پەیوەندییەكی بەهێز دروست بكەین لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فلیپین لە رووی بازرگانی و وەبەرهێنان و دیپلۆماسییەوە، هەروەها بەهۆی ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە خەڵكێكی زۆری فلیپین لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و هەرێمی كوردستان بەرەو بووژانەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت و بۆ ئەم مەبەستە لە داهاتوویەكی نزیكدا كونسوڵخانەی فلیپین لە هەرێمی كوردستان دەكەینەوە”.

هەروەها د.ڤاڵا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی جولیس تۆریس باڵیۆزی فلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری، رایگەیاند “خوازیاری دروستبوونی پەیوەندییەكی بەهێزین لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی فلیپین لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها بۆ لیژنەكانی پەرلەمانیش پێویستمان بەئاشنابوونی زیاترە لە هەموو روویەكەوە لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانیدا”، هیواشی خواست كە بە زوویی كۆنسوڵگەی فلیپین لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان هەردوولا.

Back to top button