راگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی ١١ ئادار

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا، رێککەوتننامەی ١١ـی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، بە دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی ئەیلوول و بەرھەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بوو لەپێناو مافە ڕەواکانیدا لە قەڵەم دەدات.

لە راگەیێنراوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە “ئەمڕۆ ٤٩ ساڵ بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ دا لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و حکوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی ئەیلوول و بەرھەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بوو لەپێناو مافە ڕەواکانیدا”.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی بایەخ و گرنگی رێککەوتنەکەی ئەو سەردەمە دەکات و ئاماژە بەوەکراوە کە “ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، وێڕای ئەوەی دۆکیومێنتێکی گرنگی فەرمی بوو بۆ دانپێدانانی حکوومەتی عێراق بە مافی سیاسی و ئیداری و فەرھەنگیی گەلی کوردستان و ناساندنی شۆڕشە ڕزگاریخوازەکەی، وەک خەباتێکی ڕەوای خاوەن پەیام و ئامانجی نیشتیمانیی دروست، بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبوردەییی گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی شۆڕشەکەشی بوو کە ھەمیشە دیالۆگ و ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتە یەک بە دوا یەکەکانی عێراقدا بە بژاردەی سەرەکیی خۆیان داناوە”.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێیوایە، یادکردنەوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و خواستی ئاشتیخوازانەی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، ھاوکات وانە و پەندێکی مێژووییی گرنگیشە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی کە جگە لە بژاردەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و جێبەجێکردنی ڕاستگۆیانەی ڕێککەوتنەکان، ھەر بژاردەیەکی دیکە، تەنھا کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو دەخوڵقێنێت”.

ھەروەھا ئاماژە بەوەکراوە کە “ھەرێمی کوردستان، لە ئاستی عێراق و لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەکەیشدا، ھەمیشە ھەڵگری پەیامی لێکگەیشتن و دیالۆگی سەردەمیانە و دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتنی ئیرادە و بەرژەوەندیەکانی ھەموو لایەکە. دڵنیاشین کە ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەی ھەرێمی کوردستان، لای ھەموو لایەک بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت”.

ئەنجوومەنی وەزیران، لەم یادە شکۆدارەدا، لەگەڵ ناردنی پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی ھەرێمی کوردستان و گەلەکەی بۆ سەرجەم گەلانی دۆست و وڵاتانی دراوسێ و جیھان، ڕێز و ستایش بۆ ھەموو ھەوڵ و لایەن و ھەڵوێستی ئاشتیخوازانە و دۆستانە دەردەبڕێ. بە ئومێدی ئاشتی و برایەتیی بەردەوامیشە بۆ گەلانی ناوچەکە و ھەموو جیھان”.

Back to top button