نێچیرڤان بارزانی ھۆکاری دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەت ئاشکرا دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند،  یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەناوخۆیدا خەریکی دابەشکردنی پۆستەکانە، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژئاوای كوردستانیش داوای كرد، كورد له‌ چوارچێوه‌ی سووریایه‌كی یه‌كگرتوودا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ده‌ست پێ بكاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی ئەلمۆنتیۆر ڕاگەیاند، لە دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵه‌بانى دۆخی یەکێتی ئاڵۆز بووە، بەسەر چەند بەشێک دابەش بوون، پارتیش ناچارە گفتوگۆ لەگەڵ هەموویان بکات، ئەمەیش ئاستەنگی لەبەردەم پرۆسەکان دروست کردووە”.

زیاتر گوتى: “یەکێتی هەست دەکات بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی زیاتر لە ئیستیحقاقی خۆی وەرگرتووە، ئەوان داوای پۆستی زیاتر دەکەن، بیرشمان نه‌چێت كه‌ یەکێتی هاوبەشێکی ڕاستەقینەیه‌، هه‌روه‌ها گەشبینن بەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا کابینەی نوێ پێک دەهێنرێت”.

سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاوای كوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی داوای لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ده‌كات پێوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق بەرەوپێش ببەن، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەبێت کوردانی سووریا ڕوو لە دیمەشق بکەنه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گفتوگۆکان لەچوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو دەست پێ بکەن.

سه‌رۆك وه‌زیران نایشارێتەوە، حکوومەتی سووریا هەست بە باڵادەستبوونی خۆی دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا کورد خۆی سەلماندووە، دەبێت دیمەشق مامەڵە لەگەڵ ڕاستییە هەنووکەییەکان بکات و دان بە مافەکانی کورد بنێت، بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە دراوسێیەکی ئارامی هەبێت، ئارامی سووریا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

Back to top button