ماڵپەڕێكی عەرەبی: ئێران بە هاوكاری یەكێتی لە باشوری كوردستان دوو رێگای گەیشتن بە سوریای هەیە
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كەركووك و بەشێكی گەورەی خاكی كوردستانیان داگیركرد, ماڵپەڕێكی عەرەبی ئاشمرای دەكات ئێستا دوو رێگای وشكانیی نێوان ھەردوو وڵاتی ئێران و سووریا بە ناو خاكی باشووری كوردستانەوە، ئاشكرا دەكرێن.
رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری عێراقییەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە درێژیی رێگاكان ٤٥٠ و ٦٠٠ كیلۆمەترە.
سەرچاوە عێراقییەكە دوو رێگاكەی ئاشكرا كردووە، كە رۆژھەڵاتی كوردستانەوە دەست پێ دەكەن و بەناو خاكی باشووری كوردستانەوە دەگەنە سنووری پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژھەڵاتی سووریا و بریتین لە؛
– رێگای یەكەم/ ٦٠٠ كیلۆمەتر درێژە
لە قەسری شیرین لە پارێزگای كرماشان لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەست پێ دەكات، بە خاڵی سنووریی مونزەرییە لە سنووری شاری خانەقین لە باشووری كوردستانەوە دەچێتە شارۆچكەكانی ئەبوغرێب و فەللوجە تا دەگاتە سنووری شاری روومادی و لەوێوەش بۆ شارۆچكەی قائیم لەسەر سنووری سووریا.
– رێگای دووەم/ ٤٥٠ كیلۆمەتر درێژە
لە دەروازەی سنووریی مونزەرییە لە سنووری خانەقین دەست پێ دەكات و بە شاری كەلارەوە دەچێتە باكووری بەغدای پایتەختی عێراق و دوای تێپەڕاندنی شارەكانی كفری و خورماتوو دەگاتە زنجیرە چیای حەمرین و دواتریش بە سنووری پارێزگای نەینەوادا دەگاتە پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژھەڵاتی سووریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامە عەرەبییەكە بێت، هەردوو ڕێگە، بەو ناوچانەدا تێدەپەڕن كە لە پاش خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە كەوتنە دەست سوپای عێراق و میلیشیا چەكدارەكانەوە.