مەسعود حەیدەر: پارتی زیاتر لە قەبارەی یەكێتی و گۆڕان وەزارەتی پێداون
پارتی چاوپۆشی لەوە کردووە کە یەکێتی و گۆڕان وەزارەتێک زیاتر لە شایستەی ھەڵبژاردنیان پێ بدرێت.(مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد لە بەغدا وای نووسیوە)
مەسعود حەیدەر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەتێکی بە ناونیشانی”پارتی و بەرپرسیارییەتی حوکمڕانی کوردستان” بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ستایشی ڕۆڵی پارتی دەکات لە دانووستاندنەکانی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەت.
نووسیویەتی”بە پێ ی رێژە و ژمارەی کورسی لایەنەکان بێت لە پەرلەمانی کوردستان، دەبێ گۆران ٣ وەزارەت و یەکێتی چوار وەزارەت و پارتی ١٠ وەزارەتی بەربکەوێت، تورکمان و مەسیحێکانیش یەکی یەک وەزارەت. کاتێک باس لە بەرپرسیارێتی حوکمڕانی کوردستان دەکرێت، ھەموو روو لە سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، لەبەر ئەو بەرپرسیاێتیە دەبینین وەفدی دانووستانکاری پارتی چاوپۆشی لەوە دەکات کە یەکێتی و گۆڕان وەزارەتێک زیاتر لە شایستەی ھەڵبژاردنیان پێ بدرێت”.
مەسعود حەیدەر ڕاشیگەیاندووە”لایەنێک کە حوکمڕان بێت و سەرکردایەتی بزافی رزگاری و دیموکراسی و سەقامگیری کوردستان بکات و کوردستانێکی بەھێز بونیادبنێت دەبێ لەخۆبوردە بێت و بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان و ژیان و گوزەرانی خەلکی بخاتە پێش بەرژەوەندێکانی خۆی و ھەر ئەوەش دیدگا دەکرێت لە ڕابەر و مەرجەعی کورد سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان”.
ناوبراو پێیوایە کە ئەم قۆناغەی حوکمڕانی جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، دەبێ چوارچێوەی بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی گەلی کوردستان لە دەستوری ھەرێم دیاری بکرێت و چیتر ھیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت گەمە بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندێکانی گەلی کوردستان و خاکەکەی بکات.
دەشڵێ” تەوافوقی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تر لەسەر بابەتە ستراتیجی و چارەنووسسازەکان بەرپرسیارێتی مێژوویەو دەبێ ھەموو گەلی کوردستان پشتیوانی بێت بۆ بەرقەرابوونی سیاسی و بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆی کورد بۆ ئەوەی مافە دەستوری و یاساییەکانمان لە بەغداد وەدەست بێنین و پێگەی سیاسیمان لە ناوچەکە بەھێزتر بکەین و زیاتر ئومێدبەخش بین بۆ پارچەکانی تری کوردستان”.