پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن پارتی داوای سەرژمێری دەكات لە كەركووك

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق, ئەگەر چی پارتی رایگەیاندووە تا دۆخی سەربازی و ئیداری و سیاسی كەركووك وەك پێش شازدەی ئۆكتۆبەر ئاسایی نەكرێتەوە بەشداری هەڵبژاردن لەو شارە ناكەن, لە دواهەمین هەڵوێستی پارتی داوای سەرژمێری پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركووك دەكات.

كەمال كەركوكی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك و گەرمیان رایگەیاند، ئەگەر بەر لە ھەڵبژاردن ئەم ھەنگاوانە نەگیرێنە بەر، خەڵكی كەركووك نەفرەت لەوانە دەكەن، كە ھەڵبژاردنەكە بەم شێوەیە لە شارەكە ئەنجام دەدەن.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: دەمانەوێت هەڵبژاردنێك بكرێت تەعبیر لە خەڵكی رەسەنی كەركووك بكات. ئەو بابەتە تا ئێستا لە ئارادا نییە. پێویستە بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە. سەرژمێری بكرێت. هەڵبژاردن دوای سەرژمێری بكرێت.

بە گوێرەی پڕۆژە یاسای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كەركووكیش لەگەڵ پارێزگاكانی دیكە ھەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدەدرێت.

Back to top button