موبارەک: یەکێتی و گۆڕان دەیانگوت دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم زیادەیە و ئێستاش شەڕ لەسەر جێگری دەکەن

سەرکردەیەکی دەست لەکار کێشاوەی گۆڕان ڕەخنەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خودی گۆڕانیش گرت، بەوەی پێشتر دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان بە زیادە وەسف کردووە و ”ئێستاش شەڕی لەسەر دەکەن“.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی دەست لەکار کێشاوەی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان، داوای لە گۆڕان کرد، لەبەر سێ هۆکار، بە داواکارییەکەی یەکێتی بۆ زیادکردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕازی نەبێت.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە پێشتر گۆڕان لەسەر پۆستەکە ڕێککەوتنی کردووە، هەروەها گۆڕان باسی بەدامەزراوەییکردن و بە سیستەماتیککردن دەکات، سێیەم هۆکاریش ئەوەیە کە لەم کاتەدا قەیرانی دارایی هەیە و پێویست بە زیادکردنی پۆستێک و زێدەبوونی خەرجیی گشتی ناکات. بۆیە دەڵێت: ”ئەگەر گۆڕان دەستی لە پۆستەکە هەڵگرتبێت، باشترە لەوەی بە دوو جێگر ڕازی ببێت“.
هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)، عەبدوڵای کوێخا موبارەک نەیشاردووەتەوە: ”پێشتر گۆڕانیش و یەکێتیش دەیانگوت، دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان زیادەیە و قۆرخ کراوە“، بەڵام ”ئێستا دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەوەندە گرنگە لەبەرچاوییان، شەڕییانە لەسەر دوو جێگری“.

Back to top button