عەلی باپیر شكستی ھێنا لە رازێكردنی سەركردە ناڕازیەكانی كۆمەڵ، چاوەڕوانی شەپۆلێكی وازھێنان لە كۆمەڵ دەكرێت
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدایە كادیرە ناڕازییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئاشت بكاتەوەو یەكەم هەوڵیشی بۆ گەڕاندنەوەیان شكستی هێنا، هاوکات ئەگەری دەست لەكاركێشانەوەی ژمارەیەك كادیری دیكەی ئەو حزبە لە ئارادایە.
هەینی رابردوو سێ سەركردەی كۆمەڵی ئیسلامی كە پێكهاتبوون لە هەریەكە لە (سەلیم كۆیی) ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵو لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندییەكانی ئەو حزبە، (سەعید هەركی) ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی 11ی دەوروبەری هەولێر، (ئیسماعیل ڕەسوڵ) لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێری كۆمەڵ لەنامەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لەو حزبە ڕاگەیاند.
دوو رۆژ دواتر چوار بەرپرسی تری كۆمەڵی ئیسلامی دەستیان لەكار كێشایەوە كە ئەوانیش بریتی بوون لە( كەمال ئەسكەندەر،حاجی محمد سماقولی، سەعدی مستەفا،كاروان خلیل) هاوكات ئەمرۆ سێ شەممە چوار كادیری تری ئەو حزبە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە ئەوانیش پێكهاتوون لە (هێمن ڕسوڵ ) كارگێڕ مەڵبەند (عبدالقادر ابراهیم) ئەندام مەڵبەند،(ڕفعت ڕووف) ئەندام مەڵبەند، (بروسك عوسمان ) ئەندامی مەڵبەندو بەرپرسی لقی مامۆستایان.
سەرچاوەیەك لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ پەیوەندی كردوە بەو سەركردەو كادیرە ناڕازیانەی حزبەكەیەوە و گفتوگۆی لەگەڵ كردون لەبارەی نیگەرانییەكانیان.
ئاشكراشی كرد، ئەو سەرکردەو بەرپرسە ناڕازییانە لەسەر هەڵوێستەكانیان سورن و ئامادە نیین جارێكی تر بگەڕێنەوە ناو ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی.
هەر بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەكی تر لە كادیرو ئەندامانی ناوەندو خوارەوەی كۆمەڵ لە سنوری پارێزگای هەولێر نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئامادە كردوەو بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو ئەوانیش دەست لەكاربكێشنەوە، بەڵام لەئێستا چاوەڕێی هەڵوێستی سەركردە لەدەستكاركێشاوەكانن