بەرپرسێکی باڵای پارتی چەند زانیارییەك سەبارەت بە نەوتی کەرکووك و دۆخی شارەکە ئاشکرا کرد..
بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ داهاتى فرۆشى نەوتى کەرکووک شەفاف نییە و روون نییە چۆن و بەچ شێوازێک سەرف دەکرێت، بەڵکو ئەوەى کە دەسەڵاتى یەکەم و کۆتایى هەڵسوکەوت پێکردنى ئەو داهاتەى هەیە، پارێزگارى بەوەکالەتى کەرکووکە.
دیارى حوسێن جێگرى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى کەرکووک گەرمیانى پارتى راگەیاند: خەڵکى کەرکووک لەدۆخێکى دەروونى و ئەمنى خراپدان، خەڵکەکە گوزەرانى باش نییە و بێزارن لەهەڵسوکەوت و بڕیارەکانى راکان جبورى(پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک)چونکە بەعەرەبکردنى شارەکە بە ئاشکرا هەستى پێدەکرێت و خەڵک زەوى لێ داگیردەکرێت و داهاتەکەشیان بۆ بەرژەوەندى چەند کەسێک بەکاردێت.
سەبارەت بە شێوازى هەناردەکردنى نەوتى کەرکووک و داهاتەکەى ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوە کرد: بەشێکى نەوتى شارەکە بەناوى پاڵاوگەکانەوە بەشێوەى قاچاغ بەتەنکەر بۆ ئێران دەچێت و داهاتەکەشى دەچێتە گیرفانى پارێزگار و ئەو کەسانەى کە لەو نزیکن و بەرژەوەندییان بەیەکەوەیە و کارى قاچاغچیێتى دەکەن، بەداخەوە بەشێک لەمانە کوردیشن دەستیان لەگەڵ داگیرکەرانى کەرکووک تێکەڵ کردووە.