عەزیز رەئوف: كەس نیە بە یەكێتی بڵێت دوای ئەو هەموو شكستەی دەست بۆ ترسناكترین شت بەرێت كە زیندووكردنەوەی عەشیرەتە

 

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە زۆنی سەوزو نیلی بە پاڵپشتی دارای راستەوخۆی یەكێتی چەند عەشیرەتێك رۆژی عەشیرەتەكەیان بەرزڕاگرت, كە ئەمە جگە لەوەی كێشە كۆمەڵایەتەیكانی تێدا قوڵ بوونەوە چەند كەسێك كوژران وبریندار بوون, نووسەرێكی سلێمانی، ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت و پرسیاری ئەوە دەكات كە ئاخۆ كەس نیە بە یەكێتی بڵێت كە دەست بۆ كارێكی هەڵە دەبات.
عەزیز ڕەئووف، نووسەر، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وتارێكی بە ناونیشانی (كەس نییە بە یەكێتی بڵێ)ی بڵاو كردەوە و تێیدا رای گەیاند: ”كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، زیندووكردنەوەی عەشیرەتەكان لەم ھەرێمە، ھەڵگەڕانە بە قولەی قافا. كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، چ عەیبەیەكی گەورەیە دوای ئەم ھەموو شكستەت لەم ھەرێمە، كەچی دەست بۆ ترسناكترین بۆنە بەریت، ئەویش زیندووكردنەوەی عەشیرەتەكان و ھەڵدانی خێمە و لەشانكردنی بڕنەو و خواردنەوەی ماستاوی پڕ لە قەزوانە“.
ئەو نوسەرە دەشنوسێت: ”كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، تۆ شەقامت دۆڕاندووە، تۆ خەڵكت دۆڕاندووە، ئامادەبوونت لە ڤیستیڤاڵی عەشیرەتەكان لەبەر خاتری چاوی كاڵی چەند بەرپرسێكی گەندەڵی ناو عەشیرەتەكان، چ خۆكوژییەكی گەورەیە“.
هاوكات گلەیی لە بەرهەم ساڵحیش كردووە و نووسیویەتی: ”كەس نییە بە سەرۆك كۆماری عیراق بڵێ، ھەرچەندە بچیتە بەغدا، كەچی گەورە نابیت و دەبوو لانی كەم، حورمەتی خۆتت لا گرنگ بووایە و دانیشتن لەژێر خێمەی عەشیرەتەكان بچووكترت دەكاتەوە. كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، لە قەرەداغی كاك ئاراما زیندووكردنەوەی گیانی خێڵایەتی و عەشیرەت چ بەتاڵییەكی گەورەیە“.

عەزیز ڕەئووف پرسیاری ئەوەی كردووە كە ئاخۆ كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، تۆ دەڵێی ئەم ھەرێمە ئارامە، ”كەچی بە بەرچاوی بەرپرسە باڵاكانی ھێزەكەتەوە لە فیستیڤاڵی ئاشتی و پێكەوەژیانی عەشیرەتەكاندا گەنج دەكوژرێ“؟. دەشپرسێت: ”كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، ھاتنەپێشەوەی نەوەی دووەمی بەرپرسانیش نەیتوانی ئەم عەقڵی خێڵگەری و ڕازیكردنی دڵی عەشیرەت و مستەشارەكان ڕاگرێت و لانی كەم بە خۆت و سیاسەتتدا بچیتەوە. كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، سۆسیال دیموكرات و و بڕنەو و شاڵ و شەپك و ماستاوخواردنەوەی ژێر خێمەكان و موجامەلە و ڕازیكردنی خێڵەكان كوجا مەرحەبا“.
لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا، ئەو نووسەرەی شاری سلێمانی جەختی كردووەتەوە: ”كەس نییە بە یەكێتی بڵێ، یەك تۆز عاقڵانە مامەڵە بكەی، خەڵك لە ئەدای ئۆپۆزسیۆن و پۆپۆڵیستیی ئەم ھێزانە و سیاسەتی منداڵانەی كامێرابەدەستەكانی سلێمانی بێتاقەتە، چانسێكی تری مانەوەی پێدای، بەڵام خۆت ناتوانی ئەم ھەلە بقۆزیتەوە، بە خۆت و سیاسەت و توڕەھاتەكانی خۆتتدا بچیتەوە و لانی كەم وەك بەشەر سیاسەت بكەی. كەس نییە بە یەكێتی بڵێ بۆ ئەزموون لە پارتی وەرگرناگرن، پارتی خەریكی ڤیستیڤاڵی ڕەنگ و بۆنەی نەتەوایەتیی گەلان و ماراسۆن و لەشجوانییە، تۆی یەكێتیش تازە بە تازە بە كۆمەڵێ چەكدارەوە لەو قەرەداغە موجامەلە و عەرزی عەزەڵاتێكی بێتام دەكەی كە دوژمنیش ئاوات بۆ حاڵت ناخوازێ. كەس نیە بە یەكێتی بڵێ كە عەیبە“.

Back to top button