ئەمیرێكی باڵای داعش لە موسڵ دەستگیركرا

 

لەگەڵ زیاد بوونی جموجۆلەكانی داعش لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان و دەشتی نەینەوا و سنوری حەویجە, ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری عێراق دەستگیركردنی یەكێك لە سەركردەكانی داعشی لەشاری موسڵ ڕاگەیاند.

نوسینەگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندوە “دوای ئۆپەڕاسیۆنێكی وردی هەواڵگریی پۆلیسی موسڵ كەسێكی ڕێكخراوی داعشی بەناوی “جهاد الانصاری” دەستگیركراوە”.

وەزارەتی بەرگری عێراق ئاماژە بەوەش ‌كردووە‌ “ئەو كەسە دەستگیركراوە پلەی ئەمیری هەبووە و بەرپرسی كەتیبەی هاوەن هاوێژەكان بووە لەناوچەی سەهل لە موسڵ”.

وەزارەتی بەرگری عێراق ئەوەشی وتووە “شانە نوستوەكانی داعش هێشتا لە عێراقدا ماون و لەپاش شكستی داعش لەساڵی 2017چالاكی ئەم ڕێكخراوە لەڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبارو ڕۆژهەڵاتی دیالەو باكووری شارەكانی نەینەوا، كەركووك و سەلاحەددین زیاتر بووە”.

Back to top button