ھەولێر.. پرۆسەی دانانی 5 هەزار كامێرای چاودێری كەوتە واری جێبەجێكردنەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر دەڵێ، پرۆسەی دانانی كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان، كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و پێنج ھەزار كامێرا دادەنرێن.

رائید ھۆگر عەزیز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووه‌: دەمێك بوو بڕیار درابوو كە پێنج ھەزار كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان دابنرێن، بەڵام چاوەڕێی بودجەمان دەكرد، ئێستاش بودجە تەرخان كراوە و دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و لە ھەموو شوێنە گشتییەكان كامێرای چاودێری دادەنرێت، ئەمەش ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ كەمكردنەوەی تاوان و ھەر تاوانێكیش ئەنجام بدرێت، لەرێگەی ئەو كامێرایانەوە بە زوویی ئاشكرا دەبێت.

بە گوتەی ھۆگر عەزیز، ژوورێكی تایبەت بە چاودێریكردنی ئەو كامێرانە دانراوە و لە ھەر شوێنێك تاوانێك ئەنجام بدرێت، بە زوویی لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەكەنەوە، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و رێگری لە تاوانەكە بكەن، كە ئەمەش بۆ پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ھاوكارێكی زۆر باش دەبێت.

Back to top button