بزووتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی جەژنی رەمەزان پەیامێكی بڵاوكردەوە داوادەكات پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەت

 

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێكی بڵاوكردەوە داوا دەكات پەلەبكرێ لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پرسە “بەهیچ بیانووێك دوانەخرێت”.

لەپەیامێكدا بەبۆنی هاتنی جەژنی رەمەزان، بزووتنەوەی گۆڕان بەئەركی حكومەت و لایەنەكانە سیاسییەكانی دەزانێت، بە “لەخۆبردەیی و دوركەوتنەوە لە خۆپەرستی بناغەی كۆمەڵگەیەكی سەقامگیر و ئارام دابمەزرێنن”. هەروەها رایدەگەیێنێت “جەژنی رەمەزانی پیرۆز، بكرێتە دەرفەتێك بۆ یەكخستنی توانا و هەڵوێستەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە ناهەموارەی روبەڕووی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان بووەتەوە، كە ئەمەش تەنیا بە لەخۆبردوویی و چاوخستنەسەر بەرژەوەندییە باڵاكان بەدیدەهێنرێت”.

دەقی پەیامەكەی بزووتنەوەی گۆڕان

بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەمو موسڵمانانی جیهان دەكەین. هیواخوازین ئەم جەژنە جەژنی ئاشتەوایی نیشتمانی و رێزگرتن لە ویست و خواست و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان بێت.

لەم بۆنەیەدا، بەئەركی حكومەت و لایەنەكانە سیاسییەكانی دەزانین، بە لەخۆبردەیی و دوركەوتنەوە لە خۆپەرستی بناغەی كۆمەڵگایەكی سەقامگیر و ئارام دابمەزرێنن، تا ئایندەیەكی گەشتر بۆ هاوڵاتیانمان دەستەبەر بكرێ.لەم دۆخە ناوخۆییە ناهەموارەدا كە لەئاست داواكاریی هاوڵاتییاندا نییە، عێراق و ناوچەكەش بە بارگرژیدا تێپەڕدەبێت، كە دەشێت لە سایەی نەبونی هاوهەڵوێستی و نەبونی دامەزراوە نیشتمانییەكان و ململانێ حزبییەكاندا لەهەر ئەگەرێكدا زەرەرمەندی گەورە خەڵكی كوردستانبن، پێویستە هەرچی زوە كێشەكان بەلادا بخرێن و پەلەبكرێ لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و چیتر ئەم پرسە بەهیچ بیانووێك دوانەخرێت و نائومێدییەكان بڕەوێنرێنەوە.

جەژنی رەمەزانی پیرۆز، بكرێتە دەرفەتێك بۆ یەكخستنی توانا و هەڵوێستەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە ناهەموارەی روبەڕوی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بۆتەوە، كە ئەمەش تەنیا بە لەخۆبردویی و چاوخستنە سەر بەرژەوەندییە باڵاكان بەدیدەهێنرێت.
هەمیشە لە خۆشی و ئارامی و ئاسودەییدابن.

بزوتنەوەی گۆڕان
3/6/2019

Back to top button