پەرلەمانتارێكی پارتی هەڵوێستی حزبەكەی لەسەر بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا دەخاتەرو

زانا خالد سمایل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا تاوانێكە دژ بە مرۆڤایەتی.

 

زانا خالد سمایل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند،”بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا، لەكاتێكدا بەزاندنی خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەرییەكانی ئەم وڵاتەیە، لە هەمانكاتدا تاوانێكە دژ بە مرۆڤایەتی لەم ناوچانەدا ئەنجامدەدرێت، ناكرێت بە ئامانجگرتنی گروپێك هێزی چەكدار لە ئەنجامدا شەهیدكردنی هاوڵاتیانی سیڤیلی لێ بكەوێتەوە.

 

وتیشی،”ئەمە چەندینجارە ئەم حاڵەتە لە خاكی هەرێمی كوردستاندا دوبارە دەبێتەوە، پێویستە حكومەتی فیدڕاڵیش هەڵوێستی فەرمی خۆی بەرامبەر بەم تاوانانە رابگەیەنێت، چونكە بەشێك لە پاراستنی سەروەری خاكی عێراق كە دەبەزێنرێت لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە”.

 

زانا خالید راشیگەیاند، هۆكار گەلێك هەن كە ئەم حاڵەتانە رودەدەن، یەكێك لە هۆكارەكان بونی چەكدارەكانی (پەكەكە)یە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان كە هەڵوێستی فەرمی ئێمە ئەوەیە ناكرێت چیتر هێزەكانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چالاكی چەكداری ئەنجامبدەن، بەدرێژایی كۆمەڵێك سنوری هەرێمی كوردستان هێزەكانی پەكەكە هەوڵیانداوە چالاكی ئەنجامبدەن، لەهەمانكاتدا دەبوایە هێزەكانی پەكەكە لەناو خاكی كوردستانی باكور چالاكییەكانیان ئەنجامبدەن و نەیەن لەناو ماڵباتی خەڵكی سیڤیلی ئێمە چالاكیەكانیان ئەنجامبدەن، ئەمەش ببێتە هۆكارێك كە فرۆكەكانی توركیا هەمیشە گوندەكانی ئێمە تۆپباران بكەن و خەڵكی سیڤیلی بێتاوان شەهیدو برینداربكرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان وتیشی، “هەزاران هاوڵاتی بێماڵ و حاڵ بون، بەهۆی ئەوەی هێزەكانی پەكەكە لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان حكومداری دەكەن، دەبێتە چیتر رێگە نەدرێت هێزەكانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چالاكی خۆیان ئەنجامبدەن”.

 

لەبارەی داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان وەك بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان ئاماژەی پێكردبو، ئەندامەكەی پارتی رایگەیاند،”هیچ رێكەوتنێك نیە كە رێگە بدات هێزەكانی توركیا بێن لە خاكی هەرێمی كوردستاندا تۆپبارانی خەڵكی سیڤیل بكەن و خەڵكی سیڤیلی داماو شەهید و برینداربكەن، بەپێچەوانەوە هەمیشە هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە كە دژی ئەم تۆباران و هەڕەشانەبوین”.

Back to top button