سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢/٧/٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستا لەگەڵ جێنین ھێنس پڵاسخارد نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و تێیدا جەخت لەوە کرایەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە دیالۆگی ھەولێر ـ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە ناوچە کێشەلەسەرەکان و ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە، ببینێت.

ھەروەھا نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دوا سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ھەر پازدە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەنجامی کۆبوونەوەکە و ھەڵوێستی ھەرێمی لە کۆبوونەوەکەدا بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و ھیوای خواست ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بن بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشەکانی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا، لەمبارەیەوە ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەر دیالۆگێک نیشان دا ب ەشێوەیەک گرفتەکان بەپێی نەخشەڕێگەیەکی گونجاو چارەسەر بکرێن.

تاوتوێکردنی دۆخی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

Back to top button