دۆنالد تره‌مپ رووبه‌ڕووی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چڕ ده‌بێته‌وه‌

 

سەرۆکی لیژنەی هەواڵگیری لەکۆنگرێس و ئەندامی پارتی دیموکراتی ئەمریکا ئادەم شێف رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەمین دانیشتنی بەرایی بۆ لێکۆڵینەوەی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی دۆناڵد ترەمپ و هاوتا ئۆکرانیەکەی بەڕێوەدەچێت، دەشڵێت، هەفتەی داهاتوو بۆ ماوەی سێ رۆژ دانیشتنەکانی دادگا بەشێوەی ئاشکرا بەڕێوەدەچن.

سەرۆکی لیژنەی هەواڵگیری لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، لە رۆژانی نۆزده‌ و بیست و بیست و یه‌كی ئەم مانگەدا دادگایکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. لەو دانیشتنەدا دیموکراتیەکانی ئەمریکا لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەن لەبارەی ئەوەی ئایا فشاری کردوەتە سەر سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ لێکۆڵینەوە لە جۆبایدن، رکابەری سەرەکی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکانی ساڵی داهاتودا.

وابڕیارە هەریەک لە ئەلیکسەندەر فیندمان، بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و جێنیفەر ولیامز، یاریدەدەری جێگیری سەرۆکی ئەمریکا و کیرت ڤۆلکەر، نێردەی پێشوی ئەمریکا لە ئۆکرانیا لە نۆزده‌ی ئەم مانگەدا وتەی خۆیان پێشکەش بە دادگا بکەن. رۆژێک دواتریش جۆردۆن سۆندلاند، باڵیۆزی واشنتن لە یەکێتی ئەوروپا، لورا کۆپەر، جێگیری یاریدەدەری وەزیری بەرگری و دەیڤید هێڵ، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتەی خۆیان پێشکەش دادگا دەکەن.

مانگی سێپتەمبەری رابردوو ده‌قى گفتوگۆیه‌كى نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤۆڵۆدیمێر زیلینسكى سه‌رۆك کۆماری ئۆكرانیا بڵاوكرایه‌وه‌، تیایدا ترەمپ داوا لە هاوتا ئۆکرانیەکەی دەکات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ جۆ بایدن و كوڕه‌كه‌ى بكه‌ن، وەک گوشارێك بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکەی، تره‌مپ هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییە دارایی و ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا دەکات.

Back to top button