ئەمریکا وەڵامى موقتەدا سەدر دەداتەوە

 

 

دواى ئەوەى موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر هەڕەشەى خۆپیشاندانى ملیۆنى لە دژى ئەمریکا کرد, بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەڵامی هەڕەشەكانی موقتەدا سەدر دایەوەو  رایگەیاند بە پێچەوانەى ئێران ئەمریکا پابەندە بە عێراقێکى بەهێز و گەشەکردوو.

لە بارەى دۆخى عێراق پێشتر دەسەڵاتی ئەمریكا داوای لە حكومەتی عیراق كرد لەسەر داوای خۆپیشاندەران هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، لە بەرامبەردا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بە توندی رەخنەی لە ئەمریكا گرت و رایگەیاند نابێت دەستوەرداتە ناو كاروباری نێوخۆی عیراق، ئەگەر وازنەهێنێت خۆپیشاندانی ملیۆنی لە دژی ئەمریكا ساز دەدات.

وەک وەڵامێک بۆ  ئەو لێدوانانەی سەدر بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كەناڵی “ئەلحورە”ی ئەمریكی رایگەیاند “بە پێچەوانەی ئێران، ئەمریكا پابەندە بە عیراقێكی گەشە كردو و گەورە و بەهێز”.

نزیكەی مانگ و نیوێكە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی شەقامی عیراقی گرتۆتەوە و خۆپیشاندەران داوای هەمواری دەستو و گۆڕینی حكومەت و باشكردنی بژێوی و هەلی كار دەكەن، هەرچەندە سەدر هەمان داواكاری خۆپیشاندانی هەبوو، بەڵام ماوەیەكە لە ئاراستە كردنی پەیامەكانی دژ بە حكومەت راوەستاوە.

 

Back to top button