بیرنارد کۆشنەر: هەمیشە بە هەرێمی کوردستان سەرسامم

وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، هەمیشە بە هەرێمی کوردستان سەرسامە و جەختی لە خاڵە ئەرێنییەکانی هەرێم و کۆمەڵگەی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ١١ی ٢٠١٩، لە میانی بەشداریکردنیدا لە پانێڵێکی دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەڕێوە چوو، بێرنارد کۆشنەر رای گەیاند، “من لە ساڵی 1974ەوە هاتوومەتە ئەم هەرێمە و هەموو کات سەرسام بووم بەم هەرێمە و هەموو کات باسم لە ئاشتی کردووە”.

ئەوەشی نەشاردەوە کە زۆر زەحمەتە باسی ئاشتی و سەقامگیریی باش بکەی و بەتایبەت لە ناوەندی شوێنێک کە پڕیەتی لە قەیران، بەڵام “بە هەر جۆرێک بێت، دەبێ پیرۆباییتان لێ بکەم، چونکە ئێستا من لە دهۆکم و زانکۆی کوردستان – ئەمریکی لە دهۆک هەیە و خەڵکێکی زۆری لە هەموو وڵاتانەوە بانگهێشت کردووە بۆ ئەم دیدارە، ئەمە بەڕای من سەرکەوتنێکی مەزنە”.

کۆشنەر پێیوایە کە لە کوردستان خەڵک بەرەو ئایندەیەکی پۆزەتیڤتر هەنگاو دەنێن، بەڵام “دەربارەی ئەورووپا ئەوە زۆر زەحمەتە و بیرۆکەی یەکێتیی ئەورووپا خەڵک لێرە وا دەزانن خەونە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە و پێکەوە یەکگرتوو نەبوون و ئەمەش بووەتە هۆی ناکۆکی، بەتایبەتی لە پرسە گەرمەکان”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، كه‌ دهۆك وه‌ك گوندێكی بچووك بوو، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ گه‌شه‌یان كردووه‌ و په‌یوه‌ندیی زۆر له‌ نێوان هه‌ردوو پارچه‌ی كوردستاندا هه‌یه‌.

Back to top button