ژمارەیەك فڕۆكەی نەناسراو بنکەو بارەگای هێزەکانی تورکیایان لە سوریا بۆردوومانکرد
دوای ئەوەی سوپای تورکیا و میلیشاکانی سەر بە تورکیا چەند ناوچەیەکی لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا داگیرکرد, لە ئێستادا بەبەردەوامی شەڕو رووبەڕوو بوونەوە لە نێوان هێزە کوردیەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوپای تورکیا و میلیشاکانی سەر بەو وڵاتە لە ئارادایە, میدیاکانی نزیک لە هەسەدەش بڵاویانکردۆتەوە کە ئەمڕۆ چەند بنکەو بارەگایەکی هێزەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا لە لایەن چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو بۆردوومانکراون
ئاژانسی هاوار نیوز_ی نزیك لە هێزە كوردیەكان بڵاویكردەوە: ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگی نەناسراو بە ئاسمانی ناوچەكانی منبج، جەرابلوس لە سوریا سووڕانەتەوە و لە ناوچەكانی باشووری شاری جەرابلوس، گوندەكانی ئەلبورج و ئەختەرین لە باكووری شاری باب و شاری راعی بە چڕی بۆردوومانکراون
ئاژانسەکە بڵاویشی کردۆتەوە کە بە هۆی بۆردوومانەکە ژمارەیەك هاوڵاتی لە گوندی تەرحین و ژمارەیەك چەكداری ئەو گرووپانە كوژراون و ژمارەیەك گەنجینەی تایبەت بە گواستنەوەی سوتەمەنیش سووتاوە.
هاوكات روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: دەنگی شەش تەقینەوەی بەهێز لە هەردوو گوندی ئەلبورج و تەرحینی نزیك عەمبارەكانی سووتەمەنی بیستراوە.
بۆردومانكردنی مۆڵگەی ئەو گروپە تووندڕەوانەی سوریا كە سەر بە ئەنقەرەن لەكاتێكدایە كەلە هەڵمەتی داگیركاری سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ئەو گروپانە شانبەشانی هێزەكانی توركیا لەگەڵ هەسەدە شەڕ دەكەن.