نوێنەری یەكێتی لەئێران: قاسم سولێمانی بوو دارێژەری هەرێمی كوردستان
نازم دەباغ نوێنەری یەكێتی لە ئێران لە لێدوانێكی دا رایگەیاندووە، كە قاسم سولێمانی دارێژەری قەوارەی هەرێمی كوردستانە”.
دوای كوژرانی قاسم سولێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە زاری نوێنەرەكەی رایگەیاندووە كە قاسم سولێمانی بوو دارێژەری فیدراڵی هەرێمی كوردستان”.
هەر لەو بارەیەوە زكری مووسا نووسەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فیسبووك دەنووسێت”بەپێی قسەی نازم دەباغ نوێنەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە تاران بێ، هەموو ئەو دەستكەوتانەی كورد هەیەتی لە ئەنجامی زەحمەت و پەرۆشی و خەمخۆریی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی و ئیتلاعات و سوپای قودس و سولەیمانی بووە بۆ كورد. ئەوانن بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بە زیندوویی دەهێڵنەوە، ئەوانن ئاییندەی كورد لە سووریا دادەڕێژن.. ئەوانن بوونەتە هۆی دەستەبەربوونی مافەكانمان و فیدرالیەتیش”.
هەروەها دەشنووسێ” بەپێی قسەی نازم بێت كورد خۆی هیچی نەكردووە و عەقلیشی بە هیچ نەشكاوە هەمووی قاسم و سوپای قودس بۆی كردوون. دەبێ هەموومان مەمنوونیان بین.. لە درێژەی نووسینەكەشی دا ئەم نووسەر پێی وایە، ئەو قسانەی دەباغ سووكایەتییە بە ویست و ئیرادەی سەربەخۆی میللەتێكی مەزلووم كە خاوەنی دۆزێكی سەدساڵە و سەدانهەزار شەهیدە..قسەكانی بۆ خۆی و حزبەكەی ڕاست دەكەوێتەوە بەڵام بۆ گەلی كوردستان و خەون و ئاواتەكانی تاكی كورد بە هیچ شێوەیەك دروست نین”.