سهرۆكی ههرێم پێشوازى لە فیلیپ گۆفین وەزیرى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا کرد
دوای ئهوهی وهزیری دهرهوهو بهرگری بهلجیكا سهردانی ههرێمی كوردستانی كرد، له لایهن سهرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا
لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەلجیکاى کرد بۆ پشتگیرى و هاوکارییەکانى بۆ هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا و دووپاتى کردەوە کە عێراق و هەرێمى کوردستان هێشتا پێویستییان بە بەردەوامیى هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر هەیە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم و باڵیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن و شاندێکى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا ئامادەى بوون، دەربارەى کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانى لەگەڵ عێراق لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکات و دەیەوێت فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى بێت لە ناوچەکە، هەروەها پشتگیریى هەرێمى کوردستانى بۆ داواى خۆپیشاندەرانى عێراق لە ژیانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە وەزیرى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا ئارامى و سەقامگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکەى بە جێى بایەخى بەلجیکا لە قەڵەم دا و ستایشى ڕۆڵى هەرێمى کوردستانى لە شەڕى دژى تیرۆر و هەوڵەکانى لەپێناو سەقامگیرى و هێورکردنەوەى گرژییەکاندا و پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان کرد و سوپاسى حکوومەت و خەڵکى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکان.
برەودانى زیاتر بە پەیوەندیى دوولایەنە، چارەنووسى گیراوانى داعش و خێزان و منداڵەکانیان لە کەمپەکان بەتایبەتى لە سووریا و چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو.