فازل میرانی.. محه‌مه‌د عه‌للاوی واده‌زانێت له‌ مه‌ریخه‌وه‌ هاتووه‌

دوای ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د  تۆفیق عه‌للاوی راسپێرردرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، به‌ بێ ره‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندی ده‌ستور و فیدرالی هه‌رێم ئاماده‌ نیه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات له‌ باره‌ی مه‌رجه‌كانی هه‌رێم بۆ كابینه‌ی نوێ و هه‌روه‌ها له‌ نێو كارنامه‌كه‌ی ته‌نها به‌یه‌ك دێر باسی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، ئاماده‌ش نیه‌ هیچ كاندیدێكی كورد له‌ لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ قبول بكات، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتیش له‌و باره‌یه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت”ئەمەی عەللاوی دەیكات كودەتای پێنجەمە، بەڵام بەرگێكی سیاسی لەبەركردوە:

 

فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ دەنگی ئەمریكای راگه‌یاندووه‌”وەك پارتی-یەك قسە ناكەم، بەڵكو وەك كوردستانییەك قسە دەكەم، عەللاوی وا دەزانێت لە مەریخەوە هاتوە، نازانێت عیراق وڵاتێكە لەساڵی 1958 و لەسەر سێ كوچكەكەی سوننە و شیعە و كورد دروستبوە، كە عەبدولكەریم قاسم هاتوەتە سەر حوكم، ئێمەی كورد شۆڕشمان كردوە، دنیایەك “شەهیدمان” داوە، دەكرێت ئەمڕۆ حەقی ئەوەمان نەبێت وەك كیانێكی فیدراڵی ‌كاندیدی خۆمان دابنێین كە نوێنەرایەتیمان بكات لە عیراق؟”لەبەرئەوە ئەمە رەتكراوەیە لای نەك هەر ئێمە بەڵكو لای تەواوی هێزەكانی عیراق، كە لە شێوازی مامەڵەی عەللاوی رازی نین، هەندێكیان بێ دەنگن، هەندێكیان قسە دەكەن، هەندێكیان لەوانەیە رازی بن. بەڵام لەڕاستیدا، ئەو ئەگەر ئەمەمان بۆ قبوڵ نەكات، لەبەرانبەریشدا ئێمە ئەومان قبوڵ نییە”.

هه‌روه‌ها سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیگه‌یاند  “زۆر شت دەتوانین بكەین، ئەوە نەبێت كورد بێ دەسەڵات بێت، هەتا ئێستا چوار كودەتای سەربازی لە عیراقدا كراوە، ئەمەی عەللاوی دەیكات كودەتای پێنجەمە، بەڵام بەرگێكی سیاسی لەبەركردوە، لەبەرئەوە هەموو پێكهاتەكانی عیراق بە كورد و عەرەب و توركمان و ئەرمەنەوە چیتر رازی نین حوكمێكی شمولی جا قەومی بێ یان تائیفی بێ هەرچیەك بێت قبوڵ بكرێت، گەلی عیراق چیتر ناچێتەبەر حوكمێكی شمولی ئەمەمان قبوڵ نییە”.

Back to top button