وه‌زیرى ته‌ندروستى: نابێ قەدەغەی ھاتوچۆ بە یەكجاری ھەڵبگیرێت

دوای ئەوەی  لە ماوەی رابردوو کەمترین تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران لە ئێستادا تاوتوێی کەمکردنەوەی رێککارەکانی قەدەغەی هاتوچۆی دەکرێت، وەزیری تەندروستیش رایدەگەیێنێت ناکرێت رێککارەکان بەیەکجاری لا ببرێن.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەبارەی هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ رایگه‌یاند: “لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا ھەزار و 792 پشكنین بۆ ھاووڵاتییان ئه‌نجام دراوه‌، ھەموویان نێگەتیڤ دەرچوون، خۆشبەختانە لەو ماوەیەدا ھیچ حاڵەتێكی تووشبوو بە كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە”.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاندووە کە وەرگرتنی تێستەكان بەردەوامە،ھێشتا لە مەترسی داین و دڵنیا نین، بۆیە دەبێ بەردەوام بین لە جێبەجێكردنی ڕێنوێنییه‌كان و تۆمار نەكردنی حاڵەت لە 24 كاتژمێر مانای ئەوە نییە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەماوە و ڕێكارەكان بشكێنن.

وەزیری تەندروستی ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، لەگەڵ ئەوەداین كە ژیان و گوزەرانی خەڵك ڕێك بخرێت، “بەڵام ڕای ئێمە وایە نابێ قەدەغەی ھاتوچۆ بە یەكجاری ھەڵبگیرێت”.

Back to top button