وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە 24 کاژێری رابردوو بڵاوکردەوە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە 24 کاژێری رابردوو بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان، هەزار و 849 پشکنین ئەنجامدراون و کەسێک لە پارێزگای هەولێر تووشی کۆرۆنا بووە.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، 546 پشکنین لە هەولێر، 964 پشکنین لە سلێمانی، 310 پشکنین لە دهۆک و 29 پشکنین لە سۆران ئەنجامدراون.
لەبارەی تووشبووەکەوە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئافرەتێکی تەمەن 25 ساڵانە و دانیشتووی گوندی کاولۆکی سەر بە قەزای رواندزە، خێزانی تووشبوویەکی پێشووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 381 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 237 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 5 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. “ئێستا تەنها 49 نەخۆش لەژێر چاودێریی پزیشکیدان”.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی:
ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٦٧)
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:
1. کەرەنتین
تاوەکو ئەوڕۆ (٩٦٥١) هاووڵاتی “ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان” کەڕەنتین کراون، لەئێستادا تەنها (١٤٢٧) هاووڵاتی لە (٣٣) شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ (٤٣٢) لە هەولێر، (٢١١) لە سلێمانی، (٧٥٥) لە دهۆك، (٢٩) لە ڕاپەرین. وە (٨٢٢٤) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ وە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین، لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کە کۆی گشتیان (٩٠) هاووڵاتی بوو.
2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا؛ (١٨٤٩) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (٥٤٦) هەولێر، (٩٦٤) سلێمانی، (٣١٠) دهۆك، (٢٩) سۆران دەرەنجام (١) تووشبووی نۆێ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا بەم شێوەیەی خوارەوە:
• پارێزگای هەولێر (١) پۆزەتیڤ: ئافرەتێکی تەمەن (٢٥) ساڵ، دانیشتووی گووندی کاولۆك سەر بە قەزای رواندوز، خێزانی تووشبووێکی پێشووە.
(کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (٤٢٢٣٤) پشکنین بووە)
3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (٣٨١) تووشبوو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیە و (٣٢٧) نەخۆش چاکبووەتەوە، وە ئێستا تەنها (٤٩) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١ی ئایاری ٢٠٢٠