چیتر پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ مامۆستایان ناگرێته‌وه‌

خواكوڕك

دوای زیاتر له‌ 3 مانگ مانگرتن و بایكۆتی مامۆستایانی سلێمانی و داواكردنی خه‌رج كردنی ته‌واوی مووچه‌كانیان، له‌ ئێستادا ئاسۆیه‌كی روون له‌به‌رده‌میان كراوه‌ته‌وه‌ و حكومه‌ت به‌نیازه‌ له‌ دوای نه‌ورۆز مووچه‌ی مامۆستایان به‌ده‌ر له‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وت خه‌رج بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاری به‌ خواكوڕكی راگه‌یاندووه‌، له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌سته‌ی مامۆستایانی ناڕازی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌، كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌ی مووچه‌ی مامۆستایان.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌شڵێت، پێشتر له‌رێگه‌ی به‌رپرسانی حكومی به‌ نهێنی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ به‌ ده‌سته‌ی مامۆستایانی ناڕازی دراوه‌، كه‌ له‌ چاكسازیه‌كانی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، هه‌وڵده‌درێت مامۆستایان وه‌كو پێشمه‌گه‌ و هێزه‌كانی ئاسایش له‌ لیستی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌ربهێنرێن.

له‌ماوه‌ی رابردوو به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی دارایی‌ رایانگه‌یاندبوو، ئەگەر نرخی نەوت له‌ 50 دۆلار دانه‌به‌زێت و بارودۆخەکە وەک ئێستا بڕوات، ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا دەستکاری سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بکرێت.

هه‌فته‌ی رابردوو خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی له‌به‌رده‌م هه‌ریه‌كه‌ له‌ باره‌گای مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان له‌ سلێمانی و مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌نجامدرا، و دواتر ده‌سته‌ی مامۆستایانی ناڕازی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ سلێمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.

Back to top button