وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێن

لەسەر پرسی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی کوردستان، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە بانگهێشتی هەریەکە لە وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی و وەزیری بازرگانی کەمال موسلیم دەکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری، بێگەرد تاڵەبانی و وەزیری بازرگانی، کەمال موسلیم کۆدەبینەوە.

سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو دوو وەزیرە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان وتی، “ئەمساڵ کێشەی زۆر بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ دروستبووە، دەمانەوێت هۆکارەکان و ڕێگەچارەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بزانین”.

عەبدولستار مەجید گوتیشی، کاری ئەو دوو وەزیرەی حکوومەت و سەرجەم کابینەی حکوومەتی هەرێمە کە بەبازاڕکردن بکات بۆ بەرهەمەکان و بازاڕیان بۆ بدۆزێتەوە.

Back to top button