هاتووچۆكردن له‌ ده‌روازه‌ سنورییكانی هه‌رێم و ئێران ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیاد له‌ پێنج مانگ به‌ رووی گه‌شتیاراندا داخرا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە ھاتوچۆکردن لە مەرزەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەستی پێکردۆتەوە، بەڵام ھاتوچۆکردنەکە بە شێوەیەکی گشتی نییە و سنووردار کراوە.


عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگه‌یاندووه‌ كه‌:”بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکو ھەنگاوی یەکەم بڕیار دراوە ئاسانکاری بۆ ئەو کەسان بکرێت کە ھاتوچۆ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بکەن، بۆ نموونە ئەو کەسانەی لە پڕۆژەکان کار دەکەن یاخود ئەندازیارن یان بازرگانن یاخود ئیقامەیان ھەیە یاخود نەخۆشن، رێگایان پێدەدرێت بچن بۆ ئێران و بگەڕێنەوە و بە پێچەوانەشەوە ئێرانیش رێگرییان لێ ناکات و ئاسانکارییان بۆ دەکات، کە خەڵکی ئێمە له ئێرانەوە بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە مەرزەکانی ئێمەش پێشوازییان لێ دەکرێت”.

هه‌روه‌ها بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ : “وەکو ھەنگاوی یەکەم ھاتوچۆکردن سنووردار دەبێت و بڕیارە بە قۆناغ ھاتوچۆکردن ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا تەنھا بەو شێوەیە دەبێت تا رێنمایی نوێ دەردەچێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان”.

لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییشەوە ئاماژەی دا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە و لە ئێستادا زیاتر ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکرێت بۆ ھاتوچۆکردن و ھاوردەکردنی کەلوپەل، لە ھەر مەرزێکیش رۆژانە نزیکەی 700 بارھەڵگر کەلوپەل ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێم و ئێران دەگاتە ٤ملیار دۆلار.

Back to top button