سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان پيرۆزبايى له‌ حیزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنیدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی لە سکرتێرەکەیان و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2020/08/08 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ بۆنەی یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی حیزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستانەوە په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د حاجى مه‌حموود، سكرتێرى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پيرۆزبايى ئەو یادەی له‌ سکرتێری ئەو حیزبە و سه‌كردايه‌تى و ئه‌ندامان و لايه‌نگران و دۆستانیان کرد.
نێچيرڤان بارزانى، رۆڵ و مێژوو و تێكۆشانى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستانى به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند و له‌و ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ شه‌هيدانى حیزب و هه‌موو شه‌هيدانى كوردستانى به‌بير هێنايه‌وه.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نێچیرڤان بارزانی جه‌ختى له‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌كاركردنى لايه‌ن و پێكهاته‌‌ كوردستانييه‌كان كرده‌وه‌.
لاى خۆيه‌وه‌ محه‌ممه‌د حاجى مه‌حموود، سكرتێرى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان سوپاس و پێزانينى خۆى و سەر‌كردايه‌تیی حزبەکەى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و بەسەرکردنەوەکەی ده‌ربڕى و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خۆی و هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو ته‌بايى و يه‌كڕيزيدا خواست.
Back to top button