سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق جەخت لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەنەوە

 

له‌ بەردەوامی  دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ به‌غدا، پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ  د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکۆماری عێراقی فیدراڵ کۆبووه‌وه‌.

بە پێی ڕاگەیاندراوی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، لە کۆبوونه‌وه‌که‌دا سەبارەت بە ھەڵومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەکە بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌ و باسیان لە گرنگی یه‌کخستنی هێز و تواناکان بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و زاڵبوون به‌سه‌ر ناکۆکییه‌کاندا، کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونه‌وه‌که‌دا جەخت لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بێ جیاوازی، کرایه‌وه‌.

دوا پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ و پێویستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که ‌و جیهان، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

Back to top button