سەرۆکی هەرێمی کوردستان : ، هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێتـه‌وه‌

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا رایگەیاند، هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێتـه‌وه‌ و خوازيارى بره‌ودانه‌‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، “په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلامي ئێران و كۆمارى توركيا باشن و قه‌باره‌يه‌كى گه‌وره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكي ئابوورى له‌گه‌ڵياندا هه‌يه”.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسییەکانی داعش کرا.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی وڵاتانى يه‌كێتي ئه‌ورووپای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا پشتگیرییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و یارمەتی مرۆییان پێشکەش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كەمپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان کردووە.

هاوکات نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر ببن کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێن.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش دا و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە پێویستیان بە پشتگیریی بەردەوامی نێودەوڵەتییە. هەروەها جەختی لە هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بەتایبەتی لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ـدا.

 

لەلای خۆیشیانەوە كونسوڵ و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌كێتى ئه‌ورووپا دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كانيان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن.

Back to top button