دواین زانیاری لەبارەی ئاڵوگۆرەكانی ناو پارتی

خواكوڕك

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەوەی پرۆسەی چاكسازی راگەیاند، لەناو حزبدا  لە ژێر رۆشنایەكانی بڕیارەكانی بارزانی پارتی حەوت لێژنەی پێكهێناوە بۆ نووسینی راپۆرت و چۆنیەتی گۆڕانكاری و چاكسازی لە نێو حیزبدا، ئەمەش لەكاتێكدایە لەئێستادا گەرمترین بژاری نێو كادیرانی پارتیە، لەبارەی ئاڵوگۆڕەكانی ناو پارتی لەسەرجەم لق و مەكتەبەكاندا.

هەر لەو بارەیەوە جەعفەر ئیبراهیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە رووداوی راگەیاندووە، راپۆرتەكان لەبەردەستی سەرۆكن، زۆر بە وردی گفتوگۆ لەسەر بابەتی گۆڕانكاری دەكات، چونكە نایەوێ‌ هەنگاوی هەڕەمەكی بهاوێ‌، هەروەها گوتیشی، گوڕانكاری بۆ باشتركردنی حیزبە، ئێمە شەترەنج ناكەین كەسێك لابدەین و كەسێكی دیكە جێگۆڕكێ‌ پێبكەین”.

هەر لەسەر ئاڵوگۆڕەكانی ناو پارتی و چاكسازی لە ئۆرگانەكانی ئەو حزبە، د.ئاراس خوشناو، كادیری پێشكەوتووی پارتی و كارگێڕی لقی دووی پارتی لە هەولێر دەلێت، بڕیارە گۆڕانكاری لە 21 ئۆرگاندا بكرێ و ژمارەی لقەكانیش لە 26 لقەوە بكرێنە 18 لق، دەلێت ئەمجارە دانانی بەرپرسانی لق جیاوازە “60%ی بەرپرسانی لقەكان لە دەرەوەی ئەندامانی سەركردایەتی دەبن، بەڵكو كادیری باش و كارگێڕ لقەكان دادەنرێن هەروەها دەشلێت،لەبەر ئەوەی كۆنگرە نەكرا و كۆنفرانسیش نەكرا، گۆڕانكاریی نێو حیزب ببووە مەتڵەب، ئەمە هەنگاوێكی سروشتییە و پارتی پێویستی بە كەمكردنەوە و بچووككردنەوەی هەندێ دەزگایە، گۆڕانكاری بچووكترین هەنگاوە بە بەراورد بە بەستنی كۆنگرە”.

هەر لەسەر ئەو پرسە كەناڵی رووداو چەند زانیاریەك ئاشكرا دەكات لە زاری سەرچاوەیەك وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، پارتی شەش لق كەم دەكاتەوە، بەشێوەیەك دوو لق لە پارێزگای دهۆك، دوو لق لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو لقیش لە سنووری سلێمانی و كەركووك. ئەوەی زانراوە لقەكانی شێخان لە دهۆك، مەخموور، باڵەكایەتی-چۆمان لە هەولێر نامێنن. بڕیاریشە لقی 19ی دەوروبەری سلێمانی بچێتە سەر سنووری لقی كەركووك هەر بە گوێرەی زانیاریەكانی ئەو كەناڵە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا رووی لە بەرپرسانی حیزبەكەی كرد و گوتی “كەس لەو گۆڕانكارییانە عاجز نەبێ، ئەم گۆڕانكاریانە بە ئیجرائات وەرنەگرن. ئەوانەی پلەشیان بەرز دەكرێتەوە حیسابی ئەوە نەكەن كە لەوانی دیكە سەركەوتووترن”.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی، هەر چوار ساڵ جارێك دەبێ كۆنگرە ببەسترێ، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە لە 2014 بڕیاریان دا بۆ ساڵێك درێژ بكرێتەوە تاوەكو ئێستاش پارتی لەبەر درێژی شەڕەكە لەگەڵ داعش نەیتوانیوە كۆنگرە ببەستێت.

Back to top button