كۆریای باشوور پێویسته‌ عێراق لێكۆلینه‌وه‌ی جدی له‌ كوژرانی هاووڵاتیه‌كی كۆری بكات كه‌ گومانی كوژرانی لێده‌كرێت

 

کۆریای باشور لەبارەی گیان له‌ ده‌ستدانی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای دایۆ داوای له‌ عێراق كردووه‌ لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ن.
باڵیۆزخانەی کۆریای باشور لە عێراق رایگەیاند، داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن لەبارەی کوژرانی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی وڵاتەکەیان لە بەندەری فاو لەپارێزگای بەسڕە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و دادپەروەرانە بکەن.
هه‌روه‌ها باڵیۆزخانەی کۆریای باشور لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، سیئۆل لەبارەی کوژرانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای (دایۆ)ـی وڵاتەکەی لەبەسڕە داوای لە بەغدا کردوە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و دادپەروەرانە لەو رووداوه‌ بکەن، پەیوەست بەم بابەتەش چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەلێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە کوشتنی ئەو کارمەندەی وڵاتی کۆریای باشور باسیان لەوەکردوە، ئەنجامە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن روداوی گیان لەدەستدانی ئەو کارمەندە گومانی تاوانی لێ دەکرێت، لەکاتێکدا تەرمەکەی لەناو کۆگایەکدا لەبەندەری فاو بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە و وەک خۆکوشتن باس کراوە.

له‌لایه‌كی كه‌وه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی عێراقی ره‌تیانكرده‌وه‌ مردنی ئه‌و په‌ڕێوبه‌ره‌ رووداوێكی‌ خۆی كوژی بوبێت. رۆژی هه‌ینی رابردوو تەرمی بەڕێوەبەری کۆمپانیای (دایۆ)ـی کۆری لەپارێزگای بەسڕە دۆزرایەوە، کە ئەو کۆمپانیایە جێبەجێکاری پرۆژەی به‌نده‌ری فاوە لە بەسڕە، هەرچەندە روداوەکە وەک حاڵەتێکی خۆکوشتن ناوبراوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار تائێستا راپۆرتی خۆی لەو بارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە.

Back to top button