فڕیدانی خاشاک و پاشماوە لە تونێلی پیرمام ، روونکردنەوەی لە سەر دەدرێت
لە روونکردنەوەیەکدا ، داوا لە هاووڵاتیان وگەشتیاران دەکڕیت ، ڕەچاوی بواری پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە بکەن و لە ڕێگەی گەڕانەوەدا ، خاشاک و پاشماوەکانی خۆیان لە ناو تونێلی پیرمام و بەگشتی ناو جادە و شەقامەکان فڕێ نەدەن .
ئەو روونکردنەوەش لە دوای ئەوە هاتووە ، بەشێک لە هاووڵاتیانی بەرپرسیار وەک ئەرکێکی نشتیمانی و ئەخلاقی ئەو وێنانەیان بڵاو کردۆتەوە کە خەڵک بە بێ ئەوەی ڕەچاوی یاسای ئەخلاقی و ژینگەیی خاشاک و پاشماەکانیان لە جامی ئۆتۆمبێەکانەوە فڕێ دەدەن .
دەقی روونکردنەوەکە
دوای ئەوەی لە چەند پەیج و ئەكاونتێكی فەیسبووك و ماڵپەڕیكدا، چەند وێنەیەكی تونێلی پیرمام بڵاوكرانەوە، وەك لە وێنەكاندا دیارە تونێلەكە لەلایەن هاووڵاتییانەوە خاشاکی لێ فڕێدراوە و بەشێوەیەكی ناشارستانییانە پیسكراوە، ئەمەش جاری یەكەم نییە و چەند جارێكی دیكەش ئەو دیاردەیە روویداوە و تیمەكانی خاوێنكردنەوە بە ئەركی خۆیان هەڵستاون، ئەمجارەش دەستبەجێ تیمەكانی خاوێنكردنەوە لەو بابەتە ئاگادار كراونەتەوە و هەر ئەمڕۆش تونێلەكەیان خاوێنكردەوە، سەرەڕای ئەوەی شوێنەكە لەبەر چڕی هاتوچۆ مەترسیدارە.
لێرەوە بۆ هەموو لایەك، بە تایبەتی هاووڵاتییانی خۆشەویست و ئەو پەیج و ماڵپەڕە بەڕێزانەی وێنەكانیان پۆست كرد، هەروەها بۆ خەڵكانی دڵسۆز و ژینگەدۆستانی كوردستانیش رایدەگەیەنین، کە داواکارین و هیوادارین هاووڵاتییانی خۆشەویست لە کاتی بەکارهێنانی تونێلی پیرمام و تونێلەكانی تردا، بە تایبەتی لەکاتی گەڕانەوەیان لە گەشت و سەیران، خاشاک و پاشماوە فڕێ نەدەنە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان و ناو تونێلەکە پیس نەکرێت. وێڕای ئەوەی تیمەكانی شارەوانی و خاوێنكردنەوە، بە ئەركی خۆیانی دەزانن تونێلەلەكان خاوێن بكەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێی مەترسییە و تاکوو بە پاکی ڕابگیرێت باشترە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین هاوكار بن و تونێلەكە پیس نەکەنەوە.
بەشێوەیەکی گشتی تونێلەکان، شوێنێکی مەترسیدارن و خاوێنكردنەوەیان ئەگەر زۆر بە وریایی و خۆپارێزییەوە نەبێت، رەنگە ببێتە هۆی رووداوی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی كارمەندانی شارەوانی و تیمەكانی خاوێنكردنەوە و تەنانەت هاووڵاتییانیشی لێبكەوێتەوە، بۆیە داوای هاوکاری لە هەموو هاووڵاتییانی بەڕێز دەکەین رەچاوی پاكوخاوێنی تونێلەكان بكەن.