پسپۆرێکی نەخۆشیەکانی ھەناو رێنمایی گرنگ ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا
پسپۆرێکی راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لە لەندەن رێنمایی گرنگ ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا و رایدەگەیەنێت، لەگهڵ ھاتنی زستان و بڵابونەوەی پەتای وەرزی و ئەنفلوەنزا، جیاكردنهوهی ئهو پهتایانه له كۆرۆنا تۆزێک ئاستهنگ دهبێت، بۆیە باشتروایە نەخۆش ئەگەر نیشانانهی ههبێت، وەک توشبویەکی کۆرۆنا مامهڵه لهگهڵ خۆیدا بكات.
دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لە لەندەن لە وتارێکدا بڵاویكردۆتهوه نوسیویەتی، نیشانەکانی کۆرۆنا، بریتییە لە لەرزو تا، ئارەقەکردن، کۆکە، قوڕگ ئێشان و سوتانەوە، تەنگه نهفهسی، سینگ ئێشان، پشت ئێشان و ئازاری ماسولکەکان، سەر ئێشە، ھەستکردن بە ماندوبونێکی زۆر، نەمانی بۆن و تام، نەمانی حهزی خواردن، زگچون و ڕشانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، توندوتیژی نیشانەکان لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت، لە زۆربەی کاتەکاندا نەخۆش تەنھا بەشێک لە نیشانەکانی ئەو پەتایەی لێ بهدیاردهكهوێت و مەرج نیە ھەر ھەمو نیشانەکانی ھەبێت.
دکتۆر عارف گۆران باسی لەوەشکردوە، “بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە دوچاری کۆرۆنا هاتون، واباشتره پشكنینی PCR ئهنجام بدهن، کە بە شێوەی سامپل لە لوت و قوڕگ وەردەگیرێت، هاوكات پێویسته لهوه تێبگهن ھەندێک پشكنینی خوێن لە کوردستان دەکرێت بە ھیچ شێوەیەک رۆلیان نیە لە دیاریکردنی پەتای کۆرۆنا، بۆیه لەم دۆخەدا پێویست بە پشکنینش ناکات، چونکە دەزانین بەشێکی زۆر لە توشبوانی کۆرۆنا رهنگ بێت پشكنینهكهیان بە نێگەتیڤ دەربچێت، لە کاتێکدا نیشانەکانی کۆرۆنایان ھەیە و ھەڵگری ئەو ڤایرۆسەن”.
ئەو پزیشکە ئەوەشی خستەڕو، بەشی ھەرەزۆری توشبوانی کۆرۆنا توشی ھەوکردنی سیەکان نابن، بۆیە پێویست بە پشکنینی خوێن و تیشک ناکات، چونکە بەھیچ شێوەیەک لە چارەسەری نەخۆشیەکە ناگۆڕێت، جگە لە پاراسیتامۆل بۆ ئازار و تاو ئازاری لەش نەخۆش پێویست بە ھیچی تر ناکات. ڤیتامین -D و زینک و ڤیتامین -C ئەگەر بەکاربھێنرێت ئەگەری ھەیە سودی ههبێت، بە شێوەیەکی گشتی ڤیتامینەکان ئەگەر بە بڕێکی زۆر بەکارنەھێنرێت زیانیان نیەو تا رادەیەکیش لهروی نرخهوه ھەرزانە و باری نهخۆش گران ناكات.
رونیشیکردوەتەوە، بەشێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن ئەوانەی ڤیتامین -D لە لەشیان کەمە لە ئەگەری توشبون بە کۆرۆنا دۆخیان خراپتر دەبێت لەو کەسانەی کێشەی کەمی ڤیتامینیان نیە.
ئەو پزیشکە دەشڵێت، کاتێک نهخۆش ھەست بە تەنگە نەفەسی دەکات و ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێن دادەبەزێت، پێویستە بە زوترین کات سەردانی دکتۆر بکات، ئەو نەخۆشانەی ھەست بە ئازارێکی زۆری سیەکان دەکەن، یان توشی گێژبون دەبن دەبێت بهزوتریین كات سەردانی دکتۆر بکەن.
هەروەها رێنمایی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت، “تا ئێستا باشترین ھۆکارەکانی خۆپاراستن بریتیه لە بەکارھێنانی ماسک، دورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی، کەمکردنەوەی بەرکەوتن”.