پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر دەڵێ، کۆچکردنی زیانێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها دەڵێ “خۆم لە نزیکەوە ئاگاداری دڵسۆزی و کارامەیی فرسەت سۆفی بووم”.

دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی حکومەت:

بەخەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر (د. فرسەت سۆفی)مان پێگەیشت. کاک د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیارەتییەکانیدا، لە قۆناغی پەرلەمانتاریی و دواتریش، داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازیی بوو. بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی ، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەم بۆنە خەمناکەوە، ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەکەم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموولایەکمان ببەخشێت.

یاد و هەڵوێستەکانی کاک د.فرسەت سۆفی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/11/18

Back to top button