وەزیرى تەندروستى عێراق: پارەى پێویست بۆ کڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا تەرخانکراوە
حکومەتى عێراق ئامادەکارى پێویستى بۆکڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا کردوە، بە وتەى وەزیرى تەندروستى عێراقیش پارەى پێویست بۆ کڕینى ڤاکسینەکە تەرخانکراوە.
حەسەن تەمیمى، وەزیرى تەندروستى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى رایگەیاندوە، لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتى نیشتیمانى بڕیاریداوە بڕە پارەى پێویست بۆهاوردەکردنى ڤاکسینى کۆرۆنا تەرخان بکرێت، ئەوەش دواى ئەوەى ڤاکسینەکە لەلایەن تەندروستى جیهانیەوە پەسەند دەکرێت.
راشیگەیاند، بڕە پارەى پێویست بۆکڕینى ڤاکسین لەلایەن وەزارەتى داراییەوە دابین کراوە.
وەزیرى تەندروستى عێراق ئاماژەى بەبڕى ئەو ڤاکسینە نەکردوە کە بەنیازن لە ئایندەدا بیکڕن، بەڵام لەچەند رۆژى رابردوودا ئەندامێکى لیژنەى تەندروستى لەئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، پێدەچێت عێراق (10) ملیۆن ڤاکسینى کۆرۆنا بکڕێت.