عەلی عەونی لە بارەی سڕکردنی ” مەلا بەختیار ” چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات

 

سڕکردنی مەلا بەختیار لە لایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کاردانەوەی ڕاگەیاندنی لە میدیا و سۆشیال میدیا دا لێکەوتەوەو بوو بە هۆی ئاشکرا بوونی زیاتری ناکۆکییەکانی کۆتلەو باڵەکانی ناویەکێتی لە دژی یەکتر ، بەڵام عەلی عەونی ئەندام سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تیشکی خستۆتە سەر چەند خاڵێکی گرینگ .

لە مبارەوە عەلی عەونی ، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووکی دا چەند نهێنییەک  ئاشکرا دەکات و دەنووسێت ، جاران کاتێک کەسانی سەر بە حیزبەکانی سلێمانی و بە تایبەتی کادیران و بنووسانی ناو راگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، پەلاماری پارتیان دەدا و بە دەستەواژەی ناشیاو و زمانی زبر باسی پارتیمانیان دەکرد؛ ئێمە گلەییمان لای سەرکردایەتیی ی ن ک دەکرد کە ئەمە زمانێکی شیاو نییە، یا خود دەمانگوت : فڵان بابەت خزمەتی کەشی ئاشتی ناوەخۆ ناکات و گونجاو نییە، خێرا وەڵامی ئێمەیان دەدایەوە کە لە سلێمانی خەڵک ئازادە لە دەربڕینی رای خۆیدا.

هاوکات سەبارەت بە چۆنیەتی ڕادەربڕینی ئازاد ، عەلی عەونی ئاماژە بەوە دەکات ، کاتێک ئێمە رێککەوتنی ستراتیژیمان ھەبوو، ھەندێک کادیر و تەنانەت ئەندامی سەرکردایەتیشیان بەردەوام لە دژی پارتی لێدوانیان دەدا و بابەتیان دەنووسی. ئێمەش کاتێک گلەییمان دەکرد ، خێرا دەیانگوت : لە سلێمانی ئازادی ھەیە وەک لای ئێوە دیکتاتوری نییە. یەکێتی فرە مینبەرە و وەک ئێوە نییە.

لە بەشێکی تردا ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەر ئازادی ڕادەربڕین لە ناو یەکێتی نشتیمانی  روونکردنەوەدادات و بەم شێوەیە باس لەو شێوە ئازادییەی ناو یەکێتی دەکات و پرسیارێکیش  ئاراستەی گەنجای سلێمانی دەکات .

عەلی عەونی دەنووسێت ، ئێمەش دەمانزانی لە سلێمانی تەنیا ئازادیی بێڕێزی کردن بە پارتی و پیرۆزییەکانی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ھەیە و ئەوەی بە دڵی ئەوان نەبێت دەمی دادەخەن. رۆژ ھاتن و رۆژ چوون ، کاک مەلا بەختیار کە دامەزرێنەر و مامۆستای ھاوسەرۆکەکانی ئێستای “ی ن ک ە” لەسەر نووسینی بیرەوەریی خۆی ، لە ناو سەرکردایەتیاندا سزا درا و  سڕ کرا. حەقە ئەو گەنجانەی بڕوایان بە درۆی ئازادیی رادەربڕین لە سلێمانی کردووە بپرسن ، ئەی بۆ چی کاک مەلا بەختیار ئازاد نییە لە نووسین و دەربڕینی رای خۆیدا؟

لە کۆتایی نووسینەکەی خۆیدا عەلی عەونی سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی پەرتووکەکەی مەلا بەختیار ڕایەکی جیاوازی هەیە و ئاماژە بەوە دەکات کە ، دڵنیا بن ئەگەر پەرتووکی کاک مەلا بەختیار لە دژی پارتی و بارزانی بوایە، سەرکردایەتی “ی ن ک” بە خۆرایی دەیان ھەزار دانەیان لێ چاپ دەکرد و وەریشیان دەگێڕایە سەر زمانەکانی دیکەش و لە فێستیڤاڵی گەلاوێژیشدا خەڵاتی باشترین پەرتووکیان پێدەبەخشی.

Back to top button