دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی: داوامان لە هەسەدە کردووە وێنەی ئۆجەلان بەرز نەکاتەوە.
دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت :” وڵاتەکەی داوای له هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) کردووە، وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بەرز نەکاتەوە.
ویلیام روباک، دیپلۆماتکاری ئەمریکی، بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، وڵاتەکەی هاوکاریی مرۆیی و سەربازیی ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان و هەسەدە لەدژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە.
ویلیام روباک، هەروەها رایگەیاندووە ،” ئەمریکا پاڵپشتیی جیابوونەوەی رۆژئاوای کوردستان لە سووریا ناکات،بەڵکوو بوونمان لەوێ تەنیا بۆ تێکشکاندنی داعشە، هەسەدەش ئەو ئەرکە بەتەواوی جێبەجێ دەکات”.
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە جەختی کردووەتەوە، کە بۆ بەردەوامبوون لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و سەقامگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و رێزگرتن لە تورکیای دراوسێ، بەردەوام هانی هەسەدەیان داوە.
ویلیام روباک ئاماژەی بەوەش کردووە، کە داوایان لە هەسەدە کردووە بە بەرزکردنەوەی وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، تورکیا تووڕە نەکەن.
ویلیام روباک لەبارەی گرنگیدانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن بە پرسەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، راشیگەیاندووە، ئێستا ئیدارەی وڵاتەکەی پێداچوونەوە بەو پرسە دەکات.
ئەو دیپلۆماتکار ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی شکستهێنان بە داعش و دابینکردنی ئارامییە بۆ “رۆژهەڵاتی سووریا” ئەو دوو ئامانجەش بە هێشتنەوەی بارودۆخی ئێستا وەک خۆی و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەوێ، دێنە دی.
ویلیام روباک جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە سوپای ئەمریکا لانیکەم لە سێ مانگی داهاتوودا ناکشێتەوە و ئاماژەی بەوەش داوە: “بوونی سەربازیمان لە رۆژهەڵاتی سووریا وەبەرهێنانێکی گەورەیە بە تێچوویەکی کەم” بەڵام هێزەکانیان تا هەتایە لەوێ نامێننەوە.