ئاوات شێخ جەناب: کابینەی نۆیەم بەرپرس نییە لەو گرێبەستانەی پێشتر کراون

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ژمارە زۆرەی مووچەخۆر کە کراوەتە بار بەسەر حکومەت، کابینەی نۆیەم لێی بەرپرس نییە، کابینەی نۆیەم وەک بەشێک لە چارەسەر بووە، ئیلتیزامات هەڵدەگرێت، بەڵام بەرپرس نییە لەوەی پێشتر روویداوە.

له‌ دانیشتنی دوێنێی په‌رله‌مانی كوردستاندا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: لە ماوەی دوو ساڵدا وەک وەزیری دارایی 30 جار چوومەتە بەغدا راستییەکم بۆ دەرکەوتووە، کە کورد لە دوو لایەنەوە مەترسیی لەسەرە، یەکێک لە بەغداوە، ئەوەی تریش لە ناوخۆمانە کە گەندەڵییە، جگە لە چاکسازییش هیچ چارەیەکی دیکە نییە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئەو زانیارییانەی دەیڵێم بەرپرسم لە هەمووی، هەر پەرلەمانتارێک بێتە وەزارەت هەموو بەڵگەکانی دەخەمە بەردەست. ژمارەی فەرمانبەر گەیشتووەتە ئاستێکی خەیاڵی، حکوومەتی هەرێمی كوردستان کە ساڵی 1992 پێک هاتووە، ئەوکات 140 هەزار مووجەخۆری هەبووە، ساڵی 1994 پارەی پێویست بۆ هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان 84 ملیۆن دیناری سویسری بووە، لە ساڵی 2014 ئەو بڕە بووە بە زیاتر لە 7 تریلیۆن، تا ساڵی 2019 گەیشتووەتە 10 تریلیۆن. ژمارەی مووچەخۆر لە 140 هەزارەوە بووەتە زیاتر ملیۆنێک و 251 هەزار.

وەزیری دارایی راشیگەیاند: وەک کابینەی نۆیەمی حکومەت کە دەستبەکاربووین ژمارەی مووچەخۆرانی ملیۆنێک و 251 هەزار و 450ـە، جگە لە مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای ئەو فشارەی لەسەر حکوومەت هەبوو لە سەرەتای دەستبەکاربوونەوە کۆمەڵێک پڕۆژە کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، مانگی 4ی 2019 بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ داهاتی سامانە سرووشتییەکانمان بوو بە سفر و داهاتی ناوخۆمان بوو بە 94 ملیۆن دینار کە 14ی چەک بوو، ئەوەی بە تەواوی هاتووەتە خەزێنەی حکوومەت ئەو کات 80 ملیار دینار بوو، کە پێویسمان بە ژمارەیەکی زۆر زیاتر بوو.

گوتیشی: کابینەی نۆیەم چەند ساسەتێکی پەیڕەو کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی کە هەیە، یەکێک لەوانە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بووە لەگەڵ بەغدا، وەک شاندی حکوومەت چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان چوین نەک بۆ پاڕانەوە، خەڵکێک هەیە لەوێ دژی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە خەڵک دیکەش هەن کە باشن. بیرتان بێت لە ساڵی 1992 تا 2003 گەمارۆی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، دواتر لە ساڵی 2004 و 2005ـەوە بە ناراستەوخۆ دەستی پێکردووەتەوە، یەکەمجار بە کەمکردنەوەی پشکی هەرێم دواتر بە بڕیارێک لە 17٪ کردوویانە بە 12٪ دواتر لەسەر بەردەوام بوونە وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە، بۆیە پێویستە وەک کورد و کوردستان ئەم خاڵەتان بیربێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا سەرکەوتوو بووە رێککەوتنێکی هاوسەنگ کراوە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی پێیەوە پابەند بێت بە ماددەی 11ی یاسای بودجەی عێراق بەشێکی گرنگی کێشەکانمان چارەسەر دەبێت، بەڵام ناتوانین بڵێین 100٪ کێشەکان چارەسەر دەبن، چونکە حکوومەتی عێراق دان بەو ژمارەی مووچەخۆرانی ئێمە دانانێت، ئەوەی دانی پێدانراوە 682 هەزار مووچەخۆرە، بۆیە دەبێ حکوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی ئەوانی دیکەش دابین بکات.

سەبارەت بە یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی رایگەیاند: بە هەموومان یاسای چاکسازیمان کردووە، کە دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی، هیچ بڕیارێکی سیاسی بە بێ زەمان و زەمینە ناکرێت، بەداخەوە دەستپێکردنمان هاوکات بووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، دەبێ هەموومان ئەوەتان لەبەر چاوبێت، لەگەڵ ئەوەشدا یاسای چاکسازی چووەتە واری جێبەجێکردن و بە جیا لەسەر هەموو مەلەفەکان کار کراوە.

گوتیشی: یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و لە مانگی 10 و 11ی ساڵی داهاتووە دەستمان پێکردووە، کە هەنگاوێکی دیکەیە دژی گەندەڵی، بەڵام دەبێ ئەوەمان لێدیاربێت بەو پشکەی لە بەغداوە دەنێردرێت بودجە چەند دەبێت، ئەگەر نەینێرێت چەندە، دەبێ هەردوو گریمانە هەبێت.

روونیکردەوە: لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی وەزارەتی دارایی لانی کەم 80٪ی کارەکانی خۆی تەواو کردووە. پێداچوونەوەی بە دۆسیەی 14 هەزار و 437 مووچەخۆرانمان کراوە و 117 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕێندراوەتەوە.

Back to top button