نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حكوومەتی هەرێم لە رووی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە بەرەنگاری دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەبێتەوە

لە ڕێککەوتی ١/٧/٢٠٢١، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بڵاوکردەوە. عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنەکانن، و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە هەرێم هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ بەرگرتن بەم دیاردەیە.

له‌م باره‌يه‌وه‌ نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ راگه‌يێندراوێكدا راى گه‌ياند:” لە هەر پارێزگایەکی هەرێم نووسینگەیەکی تایبەت هەیە بۆ بەدواداچوونی پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، و ئەم نووسینگانە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە دامەزراون. هەروەها دادگاکان و دادوەری تایبەت دەستنیشانکراون بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی تاوانباران. هاوکات، پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٨، یاسای نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پەرلەمانی عێراقی بەرکار کردووە.

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان راشيگه‌ياندووه‌:” نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سەر بە بەڕێوبەرایەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤن، کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی ئەم پرسە دەکەن. لە هەمان کاتدا، لیژنەی لاوەکی هەن کە لەلایەن پارێزگاکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن و سەر بە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤن کە بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی دەکات. لیژنەی ناوبراو دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دانانی میکانیزمی کارا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.

ده‌شلێ :” لە هەرێمی کوردستان چەندین یاسا دەرکراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە دزێوە. ماددەکانی ٣٩٣،٣٩٤، و٣٩٥ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، سزای قورسی بۆ ئەو تاوانبارانە داناوە. هەروەها، یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەدڕەوشتی ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٨ هەموو جۆرە کردەیەکی سێکسی ناشەرعی قەدەغەکردووە، و ئەوانەی بازرگانی بە قوربانییەکان دەکەن سزای قورسییان بۆ داندراوە.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌روو، لە یاسای ژمارە ٦ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، بازرگانیکردن بە منداڵان هەمان سەنگی یاسایی بۆ داندراوە و وەک دۆخی توند خراوەتەڕوو. سەبارەت بە کرێکارە بیانییەکان، ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٥ی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی جێبەجێدەکرێت.

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ده‌شلێت :” لە یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان پێناسەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە گوێرەی پرۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی (پاڵێرمۆ) کراوە و وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی ناسێندراوە. هەنووکە پتر لە ٢٠ دۆسیەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە و تۆمەتباران ڕاگیراون. هاوکات، چوار شێڵتەری داڵدەدان بۆ ئافرەتانی قوربانی لە هەرێم هەیە کە تێیاندا هاوکاری و چاودێری تەندروستی پێشکەش بە قوربانییەکان دەکرێت.

له‌ راگه‌يێندراوه‌كه‌ نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌: حکومەتی هەرێم هاوکاری پێشکەش بە قوربانییەکان دەکات، لەوانەش دابینکردنی پارێزەر و خەرجی و تیمی دادگەری و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گەڕاندوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە. هاوکات، مافی شایەتحاڵەکان دابینکراوە، و لە کاتی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی ناویان ئاشکرا ناکرێت و لەژێر چاودێری حوکمەت دەبن.

هەروەها، قەدەغەکردنی بەچەکدارکردنی زۆرەملێی منداڵان بە گوێرەی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سەربازی و یاسای سزادانی سەربازی ڕێکخراوە، و بە هیچ شێوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەم دیاردەیە بوونی نیە.

Back to top button