كازمی به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وت

 

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکومی بەرەو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت، بڕیارە دۆسیەکانی ئەمنی، ئابوری، وەبەرهێنان، وزە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەندین پرسی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا تاوتوێ بکات.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێش سەردانەکەی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئامانجی سەردانەکە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدایە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و کاری هاوبەش لەسەرجەم بوارەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق و ئەمریکا سەرقاڵی گفتوگۆیەکی درێژخایەنن لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەوەش بەئامانجی رێکخستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا-واشنتن لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی عێراق.

پێشووتریش کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا رۆژی دووشه‌ممه‌ 26ی تەمموزی 2021 پێشوازی له‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له‌دیداره‌كه‌ی نێوان جۆ بایدن و مسته‌فا كازمی گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شیی ستراتیژی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها باس له‌چه‌ندین دۆسیه‌ی گرنگی نێوان هه‌ردو وڵات ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ئابوریی، وزه‌ و كلتور هاریكاری هه‌ردو وڵات بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش.

Back to top button