بەرپرسێکی یەکێتی: پەکەکە ملیۆنان دۆلار زەرەریان لە ھەرێمی کوردستان داوە و خاکی کوردستانیان رادەستی تورکیا کردووە

لەبەرامبەر ئەو ھێرش و دەستدرێژییانەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیکەنە سەر ھێزی پێشمەرگە و سەروەریی خاکی ھەرێمی کوردستان پێشێل دەکەن، بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانە لەو ھەڵسوکەوتەی پەکەکە و داوا دەکات، یەکێتی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو حزبەدا بکات.

غەیاس سورچی، کارگێڕی مەڵبەندی مووسڵی یەکێتی و گوتەبێژی مەڵبەندی مووسڵی ئەو حزبە، رايگەیاند: “حزبەکانی دیکە و دراوسێکانمان و وڵاتانی دیکە یەکێتی تۆمەتبار دەکەن بەوەی ھاوکاریی پەکەکە دەکات، راستە ئێمە لەگەڵ ھەموو حزبێکی کوردی ھاوسۆزین، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، ئەو حزبە ھەڵەی کرد ئێمە چاوپۆشیی لێ بکەین، نەخێر ئەمڕۆ کوردستان بە ھەستیارترین دۆخدا تێدەپەڕێت، بۆیە دەبێت پەکەکە رەچاوی دۆخی کوردستان بکات”.

ڕوونیشی کردەوە: “ھاتنی پەکەکە بۆ ھەرێمی کوردستان و زەرەرلێدان لە گوندنشینەکان، جێگای قەبووڵکردن نییە، تورکیا بە ‌بیانووی پەکەکەوە دەیەوێت بەشێکی کوردستان داگیر بکات، بۆیە دەبێت پەکەکە بوار نەدات بە تورکیا تاوەکوو ھەرێمی کوردستان داگیر بکات، ئەگەر پەکەکە خۆی پێ حزبێکی کوردستانییە، پێویستە ڕەچاوی دۆخی ھەرێمی کوردستان بکات”.
کارگێڕی مەڵبەندی مووسڵی یەکێتی، جەختیش دەکاتەوە: “شوێنی خەباتی پەکەکە ھەرێمی کوردستان نییە، شوێنی ئەوان باکووری کوردستانە، دەبێ بزانن بە ملیۆنان دۆلار زەرەریان لە ھەرێمی کوردستان داوە و خاکی کوردستانیان رادەستی تورکیا کردووە، ئەمە بۆچوونی زۆربەی کادیر و ئەندامانی یەکێتییشە”.

غەیاس سورچی كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه له‌ قسه‌كانى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كردووه‌ کە حزبەکەی یارمەتیی حزبەکانی دیکەی کوردستانی داوە، بەڵام ”ناکرێت ئەوان ئەمە بقۆزنەوە و لە ھەرێمی کوردستان بدەن، بە ‌ڕاشکاوانە ئەوەی یەکێتی بۆ پەکەکەی کردووە کەس نەیکردووە، بەڵام نەمان دی رۆژێک دەستخۆشی لە یەکێتی بکەن، لەسەر ئەوان باجمان داوە، نووسینگەی یەکێتی لە تورکیا لەسەر ئەوان داخراوە، فڕۆکەخانەی سلێمانی لەسەر ئەوان داخرا و ملیۆنان دۆلار زەرەرمان پێ کەوت، بەڵام دیارە نانمان بێ خوێیە، یان ئەوان بەرامبەر بە یەکێتی بێوەفان، داوا لە حزبەکەم دەکەم، پێداچوونەوە بە جۆری پەیوەندییەکیانی لەگەڵ پەکەکە و ئایدۆلۆژیاکەیدا بکات”.

لە ماوەی رابردوودا چەکدارانی پەکەکە چەندانجار ھێرشیان کردۆتە سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا شەش پێشمەرگە بە گوللەی چەکدارانی پەکەکە شەھید کران. ئێوارەی دوێنێش سوپاسالاری پێشمەرگە لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە نێوان خەلیفان و بێخمێ، چەکدارانی پەکەکە پەلاماری بازگەیەکی پێشمەرگەیان داوە و زەرەر و زیان ھەیە.

Back to top button