وەزارەتی پەروەردە دوو بژاردە دەخاتە بەردەم کەسوکاری قوتابیان

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌ كوردستان 24ی ڕایگەیاند، قوتابییان سەرپشک دەکرێن لە هەڵبژاردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی و خوێندن لە نێو قوتابخانەدا.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، ئەولەوییەتی خوێندنی ئەمساڵ لە نێو قوتابخانەکاندا دەبێت، لە هەر ئەگەرێکیشدا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووىوونەوە بڕیار لەسەر داخستن و بەردەوامبوونی قوتابخانەکان دەدەن.

ئالان حەمە سەعید ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ خانەوادەی قوتابییان سەرپشک دەکرێن لە هەڵبژاردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی و خوێندنی نێو قوتابخانەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان،  بەڵێنامەیەک دەنێردرێت بۆ قوتابخانەکان، لەکاتی سەرەتای دەستپێکردنەوەی دەوام، خانەوادەی قوتابییان بۆ ماوەی 14 ڕٶژ مۆڵەتییان پێدەدرێت بۆ داواکردنی خوێندنی ئەلیكترۆنی.

وەزیری پەروەردە ڕوونیشیکردەوە، ئەو قوتابییانەی خوێندیان بە ئەلیکترۆنی دەبێت، تاقیکردنەوەکانیان لە نێو قوتابخانەدا دەبێت و پێویستە ئاگاداری کاتی تاقیکردنەوەکانییان بن.

ئالان حەمە سەعید گوتیشی، هۆکاری خستنەڕووی ئەم دوو بژاردەیە، بەهۆی کۆڕۆناوەیە، داخستنی قوتابخانەکان مەترسی دەبێت بۆ سەر کەرتی پەروەردە، بۆیە بەهۆی مەترسییەکانی کۆڕۆناوە مافمان داوە بە خانەوادەی قوتابییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی خوێندنی منداڵەکانییان.

Back to top button