حاكم شێخ لەتیف: چاوقايمى ده‌وێ، بەشداریی دانانی ھیچ یاسایەکت نەکردبێ، کەچی بڵێی ئەگەر دەنگم پێ بدەنەوە، لەنێو پەرلەماندا شەڕی مافەکانتان دەکەم

بە گوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی (مەداریك) كە بە فەرمی ڕێگەپێدراوە بۆ چاودێریكردنی كارەكانی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، هەریەك لە (سەركەوت شەمسەدین، غالب محەمەد، جەمال كۆچەر، ڕێبوار كەریم مەحمود، بڵێسە جەبار فەرمان و رابوون مەعرووف) تەنانەت یەك وشەشیان لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق نەگوتووە  یان هیچ بەشدارییەكیان لە دەركردنی هیچ یاسایەكدا نەكردوە. لە كاتێكدا هەریەك لە (سەركەوت و غالب و جەمال كۆچەر و ڕێبوار) دووبارە خۆیان كاندید كردووەتەوە. له‌مباريه‌وه‌ پەرلەمانتارێكی پێشووتری گۆڕان ڕەخنەی توند لەو ئەندامانەی پەرلەمانی عێراق دەگرێت كە لە سێ ساڵی رابردوودا، هیچ قسەیەكیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا نەكردووە و داواش دەكەن خەڵكی دەنگیان پێ بدەنەوە.

 حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشووتری گۆڕان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”بە ڕاستی چاوقایمیی دەوێ، سێ ساڵە لە پەرلەمان ھیچ قسەیەکت نەکردبێ، یان دوو سێ جار قسەت کردبێ، یان بەشداریی دانانی ھیچ یاسایەکت نەکردبێ، کەچی بە دەنگی بەرز ھاوار بکەی و بڵێی ئەگەر دەنگم پێ بدەنەوە، لەنێو پەرلەماندا شەڕی مافەکانتان دەکەم“.

هاوكات ئەم بابەتەی وەك ئەوە وەسف كردووە كە ”پیاوێك بە دزییەوە ژنێكی دیكەی لە وڵاتێكی دراوسێ هێناوە و ھەموو ساڵ دوو مانگ دەچێ بۆ لای، كەچی لای ژنەکەی دەڵێ دەچم بۆ حیجاز بۆ عومرە و لەوێ دوعات بۆ دەکەم، ژنەكەشی تا فڕۆكەخانە ھەموو جار لەگەڵی دەچێ و دوعای بۆ دەکا بە سەلامەتی بگەڕێتەوە“.

حاكم شێخ له‌تيف هه‌روه‌ها نووسیویەتی: ”کەسانێک کە ئەوەندە ساویلکە بن بە ھاتوھاوار هەڵبخەڵەتێن و لەسەر ئەو هاتوهاوارە دەنگ بدەنەوە، وەک ئەو ژنە نەخۆشە، کڵاویان کراوەتە سەر“.

Back to top button