گوتەبێژی پارتی: کاردەکەین بۆ یەکخستنەوەی هەموو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئەگەر بکرێ

ئەمڕۆ دووشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی تاوتووێکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و یەکڕیزی کورد لە بەغدا لەگەڵ حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە،”

دوای کۆبوونەوەکە مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی  ڕایگەیاند:” کاردەکەین بۆ یەکخستنەوەی هەموو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئەگەر بکرێ، گوتیشی ئێمە ڕاستە ڕکابەریین بەڵام لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕکابەرنین و تەنها دیدگامان بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان جیاوازە.

مەحموود محەممەد گوتیشی: پێشتر ئەندام پەرلەمانی وا هەبووە لە عێراق کە بوونەتە دارودەستی ئەوانەی کە نەیاندەتوانی قسە بە کورد بڵێن ئەوان دەیانوت، بۆیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەوە ڕوونەداتەوە.

گوتبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان  سەبارەت بەو حیزبانەی کورسییان نییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی،” بەشێک لەو حیزبانە ڕاستە کورسییان نییە لە پەرلەمانی عێراق بەڵام لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و هەموو لایەنەکانیش پەیوەندیدارن بە کۆمەڵێک کێشە بە نموونە کێشەی ناوچە لەسەرەکان بۆیە پێویستە ئەوانیش پشتیوان بن.

لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانیش مەحموود محەممەد گوتی: گۆڕان ئەگەر کورسیشی نەبێت بوونی هەیە لە سیاسەتی کوردستان و وەکوو پارتیش ڕێککەوتنمان لەگەڵیان هەیە کە یەکیان سیاسی و یەکێکیان ئیدارین، گوتیشی ئێمە پابەندین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەمان.

مەحموود محەمەد، سەبارەت بەو قسانەشی کە لە ماوەی پێشوودا پێشمەرگەیان بە مێلیشیان ناوبرد لەلایەن سەرۆکی ڕەوتێکەوە لە عێراق گوتی: پێشمەرگە میلیشیا نییە و هێزێکی دەستوورییە و لە عێراق دەنگی لەسەر دراوە، هەر کەسێکیش وایگوتبێت بۆ خۆی وای گوتووە.

سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێكهێنانی حکوومەت گوتەبێژی پارتی گوتی: لەگەڵ لایەنە براوەکانی عێراق کۆبووینەتەوە و بەرنامەی خۆمان پێ ڕاگەیاندوون، لەداهاتووشدا لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوە دەکەین کام لایەن بەرنامەی نزیک بوو لە پارتییەوە لەگەڵی ڕێکدەکەوین، “

Back to top button