پەرلەمانتارێكی پێشوو بۆ هۆشیار عەبدوڵا و ئەحمەدی حاجی رەشید : ئەگەر ئەم كارەتان نەكردووە، بۆچی وەڵامی هۆشیار زێباريتان دایەوە؟
لە كاتێكدا هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ كەس بهێنێت، رای گەیاندبوو، نەگەیشتنەوەی هەندێك پەرلەمانتاری كورد بە پەرلەمانی عێراق كە پێشتر دژایەتیی كوردستانیان كردووە، جێگەی دڵخۆشییە. هەریەك لە هۆشیار عەبدوڵا و ئەحمەدی حاجی رەشید، بە شڵەژانێكی زۆرەوە هێرشێكی توندیان كردە سەر و وەڵامیان دایەوە.
لەمبارەیەوە شیرین عه‌بدولڕه‌حمان دینۆ، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، ڕايگەیاند: ”وەڵامەكەی ئەو دوو پەرلەمانتارە بۆ كاك هۆشیار زێباری، دان پێدانانە و سەلماندوویانە كە ئەوان بوون دژایەتیی كوردستانیان كردووە. خۆ هۆشیار زێباری ناوی هیچ كه‌سێكی نه‌هێناوه کە ده‌ڵێت گه‌ل سزای ئه‌وانه‌ی دا كە دژایەتیی قه‌واره‌ی هەرێمی كوردستانیان دەكرد“.
دووپاتیشی كردەوە: ”وەڵامەكەیان وەك ئەوە بوو بڵێن بەڵێ ئێمە دژایەتیی قەوارەی كوردستان‌مان كردووە و مەبەستت لە قسەكەت ئێمەیە، راستییەكەش هەروابوو كە بەداخەوە ئه‌وه‌نده‌ی پەرلەمانتارانی وەك ئەو گرووە خه‌ریكی سووكایه‌تی و دژایه‌تیكردنی كوردستان بوون، ئه‌وه‌نده دوژمنه‌كانی كوردستان خه‌ریك نه‌بوون“.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو كه بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه ئەوەشی نەشاردەوە كە هۆشیار عەبدوڵا و ئەحمەدی حاجی رەشید و هاوكوفەكانیان، ”هه‌موو شتێكیان ده‌كرد بۆ دژایه‌تیی كوردستان و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هەرێمی كوردستانیان دەدا و بۆ بڕینی قووتی خه‌ڵك و ڕێگری له ناردنی ده‌رمان و پشكی كوردستانیش هه‌موو ڕێگاكانیان تاقی كرده‌وه، بەڵام بۆیان نه‌چووه سه‌ر و به سزای گه‌ل گه‌یشتن”.
لەوەش دڵنیای كردنەوە كە ”جارێكی‌تر ئەوە بە چاوی خۆیان نابیننەوە كە خه‌ڵك باوەڕ به قسه و درۆكانیان بكات، چیتریش كەس لە بەغدا نییە حیساب بۆ ئەم جۆرە پەرلەمانتارە بكات“.