سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کارەبای عێراق دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە ڕێگەی سوود وەگرتن لە توانا بەردەستەکانی هەردوولادا.
وەزیری کارەبای عێراق، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدەستهاتوون لە بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا و بەکارهێنانەوەی ئەو گازانەی لە کێڵەگانی نەوت دەسووتێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کە دەکرێ لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیشدا سوودیان لێ وەربگیرێت.
سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگیی کارکردن لە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری بەتایبەتی لە بواری وزە کردەوە، بە جۆرێک کە سوود لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی وزە وەربگیرێت . دووپاتیشی کردەوە کە لە عێراق، توانا و شارەزایی و سەرچاوەی باش ھەن کە ئەگەر بە باشی سوودیان لێ وەربگیرێت، عێراق دەتوانێت لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، پشت بەخۆی ببەستێت.