سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکات
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بروسکەیەکی پیرۆزباییدا بە بۆنەی 69 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئاماژە بە رۆڵی کارای ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەنووسێت ،یەکێتییەکەتان هەم لە گۆڕەپانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و هەم لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیيدا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان، مێژوویەکی گهشى تۆمار کردووە، بۆتە قوتابخانەیەکیش بۆ هاندان و پتەوکردنی بڕوابەخۆبوونی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و تێکۆشەر و سەرکردە.
دەقی بروسکەی پیرۆزبایی سەرۆکی ەرێمی کوردستان
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان
بە بۆنەی (69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک یەکەمین ڕێکخراوی ئافرەتانەی پێشەنگ کە لە هەناوی شۆڕش و خەباتی گەلەکەماندا دروست بووە، خواستە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستانی لەگەڵ داوا ڕەواکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ئاوێتە کردووە و ڕۆڵێکی گهورهى لە هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن و یەکخستنی تواناکانی ئافرەتاندا گێڕاوە.
یەکێتییەکەتان هەم لە گۆڕەپانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و هەم لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیيدا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان، مێژوویەکی گهشى تۆمار کردووە، بۆتە قوتابخانەیەکیش بۆ هاندان و پتەوکردنی بڕوابەخۆبوونی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و تێکۆشەر و سەرکردە.
ئەمڕۆش یەکێتیی ئافرەتانى كوردستان هاوشانی ڕێکخراوەکانی دیکەی داکۆک لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتان، لە ڕۆڵ و ئەرکە مەدەنی و یەکسانخوازییەکەی بەردەوامە و دڵنیام پاڵپشت به پاشخان و ئەزموونهكهى، لە ئەرکەکانی ئەم سەردەمەشیدا سەرکەوتوو دهبێت.
لەم یادەدا وەک هەمیشە پشتیوانی بۆ خەبات و ئەرک و ئامانجهكانتان دووپات دەکەمەوە، هیوادارم لە تێکۆشانتان بۆ بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و سەرخستنی بیر و کولتووری یەکسانی لە کۆمەڵگەدا، سەرکەوتوو بن.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سهرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2021/12/11