پارێزگارى ههولێر: زەوى بۆ چەندین پڕۆژەى دیکەى پیشەسازی قورس و مامناوەند له ههولێر دابین کرا
نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2022.1.18، لەدیوانى پارێزگاى ههولێر، به سەرپەرشتى پارێزگارى ههولێر و بەئامادەبوونى سەرجەم ئەندامان، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان بهرێوهچوو.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى ههولێر له پهڕهى تايبهتى خۆى له تۆڕى كۆمهڵايهتى ( فهيسبووك) رايگهياند: لەکۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لەکۆى (31) پڕۆژە کە داواى دابینکردنى زەویان کردبوو، ڕەزامەندبووین لەسەر دابینکردنى زەوی بۆ دروستکرنی (20) پڕۆژەى پیشەسازى قورس و مامناوەند لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر،”
پارێزگارى ههولێر دهشلێت:” بەهۆى نەگونجان و نەبوونى مەرجى پێویست (4) پڕۆژە ڕەتکرایەوە و داواشمانکرد (7) پڕۆژەکەى تر دیراسەى زیاتریان بۆ بکرێت.
خۆشناو باسى لهوهشكردوه كه لە ساڵی ڕابردوو 2021، لەچوارچێوەى بەرنامەى کار و پلانى پارێزگا بۆ پشتگیرى و پێشخستنى کەرتى پیشەسازى لەشارەکەمان و بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى، لەڕێگەى لیژنەی باڵاى گەشەپێدان و پشتگیری کردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان لەبوارەکانى (کارگەی هەیکەلی ئاسن، کەل و پەلى کارەبا، گۆڕەر، پیشەسازیی خۆراک، کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز … هتد) بەڕووبەرى فراوان زەویيان بۆ بونیاتنانى (70) کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند لەسنوورى شارەوانى هەولێر تەرخان کردووە کە لە داهاتوویەکى نزیکدا سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.