سەفین دزەیی: كۆمپانیا قەتەرییەكان خوازیارن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن
لە دوو رۆژی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی قەتەری كرد، بە گوتەی شارەزا و ئابووریناسان سەردانەكە زۆر گرنگە و كاریگەری زۆر گەورە و ئەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەبێت.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر دەڵێت، گفتوگۆ لەسەر وەبەرهێنانی قەتەر لە کوردستان و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان بۆ قەتەر و کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر و پرسی سیاسی و ئەمنی کرا.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کودستان و ئەندامی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەیش كرد كە لە رووی ئالوگۆڕیی بازرگانی پێویستییەكانی بازاڕی هەرێم پڕ دەكرێنەوە، هەرێمی كوردستان دەتوانێت چی بەرهەم بێنێت و هەناردە بكات، بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و خواردەمەنیدا، دیدارەكە زۆر باش بوو، بریار درا ئەو جۆرە دانیشتنانە بەردەوام ئەنجام بدرێن و كاربەدەستانی قەتەریش سەردانی هەرێم بكەن، ئاشكرای كرد كە یەكێكی تر لە پرسەكانی گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، كردنەوەی كونسوڵگەی گشتی قەتەرە لە هەرێمی كوردستان.